Skip to the content

وه‌زيرى په‌روه‌رده‌ى حكومه‌تى هه‌رێم: ئێستا خۆمان ستراتیژییەتی پەروەردەیی دادەڕێژین

ڕۆژى شەممە ۸ی ٦ی ۲۰۲٤، بە سەرپەرشتيی ئالان حه‌مەسه‌عید ساڵح، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، و بە ئامادەبوونی نوێنەری ڕێکخراوی یونیسێف، ڕاوێژکاران و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیيه‌كانى وه‌زاره‌ت و به‌شێك له‌ به‌رپرسانى په‌روه‌رده‌يى و حكومىیەکەمین کۆنفرانسی دڵنیایيی جۆری و سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیی بەڕێوەچوو.

ئامانجی کۆنفرانسەکە چەسپاندن و دەوڵەمەندکردنی سیستەمی دڵنیايیی جۆری لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا بوو، لەبه‌ر ڕۆشنایيی یاسای (متمانەبەخشین بە دامەزراوە پەروەردەییەکان و ئەکادیمیيەکان کە لە ژمارە ( ١٣) ساڵی ٢٠٢٢دا دەرچووە، لە ماوەی جێبەجێکردنی بەرنامەکە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستاندا.
هەبوونی سەرنج و تێبینی لەسەر هەندێک لە وردەکاريی بەرنامەکە و گۆڕانکاريی ئەرێنی لە چەند خاڵێکدا و دەوڵەمەندکردنی بەرنامەی بونیادنانی تواناکان و گونجاندنی لەگەڵ بارودۆخى ئێستاى ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان. ئێستاش بۆ پێداچوونەوە و گوڵبژێرکردنی کەموکوڕيی پڕکردنەوەی کەلێنەکان و چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگی و ئاڵنگاریيانەی کە ڕووبەڕووی سەرپەرشتیاران دەبێتەوە له‌کاتی هەڵسەنگاندنی دەرەکیدا، وەزیری پەروەردە گوتی: پێش ئازادبوونی کوردستان سیستەمی پەروەدەییمان بۆ دادەنرا، بەڵام ئێستا خۆمان ستراتیژییەتی پەروەردەیی دادەڕێژین. کە ئێستا پێویستمان بەوەیە قوتابخانەکانمان بە سیستەمی نێودەوڵەتی ستاندارت بکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام هەوڵمانداوه، بۆیە مۆدیلی دامەزراوە پەیڕەو دەکەین، تا هەمووان لێێ بەشدار و سوودمەند بن. ئەمڕۆش کە سەرپەرشتیارە پسپۆڕەکان گفتوگۆی کارگێڕی و هەمواری یاسا دەکەن، ئێمە پشتیوانیيان دەکەین و هاوکاریان دەبین، بۆ ئەوەی پرۆسەی چاکسازی و پێداچوونەوه سەرکەوتوو بێت.

دواتر لەلایەن لیژنەی باڵای کۆنفرانسه‌وه‌، تەوەرەکان بۆ گفتوگۆ خرانە ڕوو، کە خۆیان لەم تەوەرانە بینیوە:
تەوەرەی یەکەم: دڵنیایيی جۆری: ئەم تەوەرەیە بە شێوەیەکی چڕوپڕ تاووتوێی (سیستەمی دڵنیایيی جۆری، کارگێڕی دامەزراوە، مامۆستا، قوتابی، ژینگەی خوێندن و ڕێگه‌کانی وانەگوتنەوە) کرا، ئامادەبووان ڕا و سەرنجی خۆیان خستەڕوو.

لە تەوەرەی دووەمدا، گفتوگۆی تێروتەسەل لەسەر ئەرکەکانی سەرپەرشتیار کرا و چەندین خاڵی گرنگ و هەنووکەیی، وەک ئەرکی سەرپەرشتیار دیاریکران، هەروەها بە زۆرینەی دەنگ ناوی هاوڕێی ڕەخنەگر کرا بە سەرپەرشیاری پەروەردەیی.

لە تەوەرەی سێیەمی کۆنفرانسەکە، تاووتوێی پرۆسەی هەڵسەنگاندنی دەرەکيی دامەزراوە پەروەردەییەکان کرا، سەرنجی سەرپەرشتیاران و ئامادەبووان بەگرنگیيەوە وەرگیرا.

بابەتی پسپۆڕی، یەکێکی ديكه‌ بوو لە تەوەرە گرنگەکانی کۆنفرانس، ئامادەبووان بە ڕا و پێشنیارەکانیان تەوەرەکەیان پڕ زانیاری کرد. لە کۆتا تەوەرە دامەزراوە پەروەردەییە ناحکومییەکان و چۆنیيەتی سەرپەرشتیکردن و هەڵسەنگاندنیان لەلایەن لیژنەکانەوه‌ تاووتوێ کرا و گفتوگۆی لەسەر کرا.