Skip to the content

ڕێککەوتننامەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی تەکنەلۆجیا و زانیاری لە وڵاتی ئیمارات واژۆ کرا

ڕۆژی دووشەممە ۲٥ ئاداری۲۰۲٤، ئالان حەمەسەعید ساڵح، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی ڕاوێژکاران و بەرێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەت، پێشوازی لە ئەحمەد ئەلزاهری، کۆنسولی گشتیی ئیمارات لە هەولێر کرد.
لە دیدارێکدا باس لە هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی پەروەردە و کۆنسولخانەی ئیمارات کرا، دواتر لە ڕێگەی ئۆنلاین بە ئامادەبوونی عمر بن سلطان العلماء، وەزیری دەوڵەت بۆ زیرەکیی دەستکرد و ئابووریی دیجیتاڵی و جێبەجێکردنی کار لە دوورەوە و سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێری قوتابخانەی دیجیتاڵی، ڕێککەوتننامەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی تەکنەلۆجیا و زانیاری لە وڵاتی ئیمارات و قوتابخانەی دیجیتاڵی  واژۆ کرا، به مەبەستی  ئامانجێكی هاوبەش كە بريتيیه له بەرزكردنەوە و باشتركردنی ئاستی فێربوون و فێركردنی زیاتر و ڕاهێنان بۆ مامۆستایان و قوتابییان.

شایەنی باسە قوتابخانەی دیجیتاڵی بۆ دەستپێکردنی پلاتفۆرمی نوێی فێربوونی دیجیتاڵی دامەزراوە، بە ئامانجی داڕشتنی داهاتووی پەروەردەی جیهانی لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای مۆدێرن بۆ فراوانکردنی دەرفەتەکانی خوێندن بە شێوەی دیجیتاڵی.

لەکۆتاییدا وەزیری پەروەردە  ڕۆڵی وڵاتی ئیمارات و کۆنسولخانەی ئیماراتی لە هەرێمی کوردستان لەم دەستپێشخەرییەدا بەرز نرخاند.