Skip to the content

لیستی هاوپێچکراوی مامۆستایانی وانەبێژ گەیەندرایە دەستی سەرۆکوەزیرانی عێراق

ڕۆژی سێشەممە  ٣٠ـی نیسانی ٢٠٢٤، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەغدا، سەردانی محەممەد شیاع السوداني، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵی کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە دکتۆر ابراهیم نامس الجبوري، وەزیری پەروەردەی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، ئامادەی بوون، گفتوگۆ  لەسەر چەند پرسێکی گرنگی پەروەردەیی کرا.

شایانی باسە نووسراوی فەرمیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و لیستی هاوپێچکراوی مامۆستایانی وانەبێژ گەیەندرایە دەستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ تەرخانکردنی دارایی بۆیان. کە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەنگاوە پێویستەکان ئەنجام دراون و چاوەڕوانی وەڵامی فەرمیی حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەکرێت.

پشکی هەرێمی کوردستان لە دروستکردنی باڵاخانەی قوتابخانەکان، لە ڕێککەوتنی عێراق - چین، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، چونکە بەشی هەرێمی کوردستان لە دروستکردنی باڵاخانەی نوێی پەروەردەیی، تاکوو ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرسی خوێندنی قوتابخانەکانی فیدراڵی لە هەرێمی کوردستان و بەردەوامبوونی پرۆسەی خوێندن تیایاندا. لەو بارەیەوە وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو جۆرە هاریکاری و هەماهەنگییەکی هەرێمی کوردستانی نیشان دا،  بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی خوێندنی قوتابییانی ئەو قوتابخانانە.