وەزیری پەروەردە لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردە و لێهاتوویی OECD لە یەکێتی ئەورووپا کۆبووەوە
لە پەراوێزی کۆڕبەندی پەروەردەی جیهانی، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ـی ئایاری ٢٠٢٤، ئالان حەمەسەعید ساڵح، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەندرێیاس شلایکەر، بەڕێوەبەری پەروەردە و لێهاتوویی OECD لە یەکێتی ئەوروپا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری پەروەردە سوپاسی شلایکەری کرد، کە هاوکار و ڕەزامەند بوو، لە بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لە هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتی (PISA)، کە بۆ یەکەم جارە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجام دەدرێت.
شایانی باسە ئێستا لیژنەی باڵای نیشتمانی کوردستان، ئامادەسازی دەکەن بۆ ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنی PISA بۆ کەرتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان. ئەندرێیاس شلایکەر، لە کۆڕبەندی پەروەردەیی جیهانی پرزنتەیشنێکی لەبارەی دواهەمین ڕاپۆرتی شیکاری هەڵسەنگاندنی ٢٠٢٢ی PISA خستە ڕوو. هەڵسەنگاندنەکە یەکەمین و باوەڕپێکراوترین هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتییە، کە وڵاتان پشتی پێ دەبەستن، بۆ زانینی ئاستی پەروەردەییان و گرفتەکانیان لە پرۆگرامەکان و شێوازەکانی وانەوتنەوە و کارامەییەکانی مامۆستایان، و ئەنجامی شیکاریی ئەو هەڵسەنگاندنە دەبێتە بەردی بناغەی ڕیفۆرمی پەروەردەیی.