Skip to the content

وەزیری پەروەردە بەشداری لە چوارەمین کۆنفرانسی ICET بۆ پەروەردە و فێرکردن کرد

ڕۆژی دووشەممە ۲٥ی تشرینی دووەمی ۲۰۲٤، ئالان حەمەسەعید ساڵح، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر و جێگری کونسولی گشتیی بەریتانیا لە کوردستان و نوێنەری وەزیری پەروەردەی عێراقی فیدراڵ و ژمارەیەک لە سەرۆکی زانکۆکانی کوردستان و عێراق و ژمارەیەکی بەرچاوی بەرپرسانی پەروەردەیی، بەشداری لە چوارەمین کۆنفرانسی (ICET)، بۆ پەروەردە و فێرکردن کرد، کە لەلایەن قوتابخانەکانی ستیرلینگ لە شاری هەولێر ڕێکخرابوو.
لەم کۆنفرانسەدا پێنج هەزار و ٢٥٠ بەشداربوو، لە ئاستی ناوخۆیی و نێۆدەوڵەتی، بە شێوەی ئۆنلاین بەشدار دەبن، هەر لەم کۆنفرانسەدا ۳۹ پانێلیستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی، لە ۳۰ دامەزراوە و ۳۹ سیمینار بە هەر سێ زمانی جیاواز پێشکەش دەکەن. کۆنفرانسەکە بە چاودێریی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.