Skip to the content

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە به‌ڕێوه‌ چوو

ڕۆژى پێنجشەممە ٥ی ئه‌يلوولی ٢٠٢٤، به‌ سه‌رپه‌رشتيى ئالان حه‌مه‌سه‌عيد ساڵح، وه‌زيرى په‌روه‌رده‌، ئه‌نجومه‌نى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ كۆبووه‌وه‌، وێڕاى سوپاسى سه‌رۆكوه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان، له‌پاى به‌ كرێبه‌ستكردنى مامۆستايانى وانه‌بێژ، هاوكات چه‌ند ته‌وه‌رێكى ديكه‌ تاووتوێ كران و بڕيارى پێويست له‌باره‌يانه‌وه‌ درا:
ساڵنامه‌ى خوێندنى ٢٠٢٤ - ٢٠٢٥ په‌سه‌ند كرا، و ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ ٢٥ی ئەیلوولى ٢٠٢٤، وه‌ك ده‌ستپێكى خوێندنى ئه‌مساڵ ديارى كرا. هه‌روه‌ها بۆ يه‌كه‌م جار ساڵنامه‌ى چالاكييه‌ وه‌رزشى و هونه‌رييه‌كان بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤ - ٢٠٢٥ پەسەند کرا و پاشتر بۆ ناوەندەکانی خوێندن گشتاندنی پێ دەکرێت.
ڕێبه‌رى نوێى خشته‌ى به‌شه‌وانه‌كانى خوێندنيش ڕێنماييه‌ به‌راييه‌كان، يه‌كێكى ديكه‌ بوو له‌و بابه‌تانه‌ى كه‌ قسه‌ى له‌سه‌ر كرا و بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤ - ٢٠٢٥ په‌سه‌ند كرا.
ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زاره‌ت بريتى بوو له‌ ڕاسپاردەکانی دووەمین کۆڕبەندی پەروەردەیيی کوردستان، كه‌ خرانه‌ به‌ر باس و ليژنه‌كانى پێويست بۆ به‌دواداچوون و جێبه‌جێكردنى ڕاسپارده‌كان ڕاسپێردران.