وەزیری پەروەردە ئەپلیکەیشنی "ئی - هەڵسەنگاندن"ی ڕاگەیاند
ڕۆژی دووشەممە ١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، ئالان حەمەسەعید ساڵح، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، خزمەتگوزارییەکی دیجیتاڵیی نوێی بۆ کەرتی پەروەردە بە ناوی (ئی- هەڵسەنگاندن) ڕاگەیاند. کە بۆ هەر دوو سیستمی iOS و Android بەردەستە.
ئەم خزمەتگوزارییە ڕایەڵەی پەیوەندی نێوان قوتابخانە و بەخێوکاری قوتابییان پتەوتر و ئاسانتر دەکات. لە وەرزی دووەمی خوێندنەوە لە ٣٩٦ قوتابخانەی حکومی بەکار دەهێندرێت و قوتابخانەکانی دیکەی حکومی و ناحکومیش لە دەرەوەی ژمارەی ئاماژەپێکراو دەتوانن بەکاریبهێنن.
بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی کەرتی خوێندنی حکومی ئەم خزمەتگوزارییە لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنەوە بەردەست دەبێت و بەخێوکارانی قوتابییان دەتوانن لە ڕێگەی ئەو ئەپڵیکەیشنەوە ئاگەداری دۆخی منداڵەکانیان بن لە ڕووی :
١- نمرەی قوتابی.
٢- هەڵسەنگاندنی قوتابییان لەسەر حەوت ئاست.
٣- خشتەی وانەکانی هەفتە.
٤- ئەرکی ماڵەوە.
٥- تاقیکردنەوەکانی قوتابی.
٦- ئاگادارییەکان و پەیامی قوتابخانە بۆ قوتابی.
٧- ڕێنمایی پەروەردەیی.
بۆ هەموو ناوەندەکانی خوێندن، بۆ مامۆستایان و قوتابییان ناوی بەکارهێنەر (یوزەرنەیم) و تێپەڕەوشە (پاسۆرد) ئامادەکراون، کە لە بەشی ڕاپۆرتی قوتابخانە لەناو سیستمی "ئی - پەروەردە" دەتوانن دایبەزێنن.