ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە کۆبوونەوەی ئاساییی مانگانەی ئەنجام دا

ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە کۆبوونەوەی ئاساییی مانگانەی ئەنجام دا.
لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای گفتوگۆ کردن لەسەر چەند بابەتێکی پەروەردەیی وەک تاقیکردنەوەی دەرەکی، ڕیفۆڕمی قۆناغی ئامادەیی و هەڵسەنگاندنی دەرەکی، هاوکات ئەنجومەنی وەزارەت ساڵنامەی خوێندنی ساڵی (٢٠٢٥ - ٢٠٢٦) ی پەسەند کرد، کە تیایدا ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢١ی ٩ی ٢٠٢٥ وەک دەستپێکی ساڵی خوێندنی (٢٠٢٥ - ٢٠٢٦) دیاری کرد، بۆ قوتابخانە حکومییەکان و ئەو قوتابخانە ناحکومییانەی بە سیستەمی وەزارەتی پەروەردە دەخوێنن؛ دواتر وردەکاریی ساڵنامەکە بە گشتاندنێک لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تاقیکردنەوەکان و ساڵنامەی خوێندنەوە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دەکرێت.
هەروەها ئەنجومەنی وەزارەت لە کۆبوونەوەکەدا خشتەی بەشەوانەکانی بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٥ - ٢٠٢٦) پەسەند کرد. دواتر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پڕۆگرام و چاپەمەنییەکان گشتاندنی پێدەکرێت و ئاڕاستەی ناوەندەکانی خوێندن دەکرێت.