جەخت لەسەر جێبهجێ كردنی پڕۆژەكانی كارەبا لە هەولێر كرایەوە
هەولێر، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنج شەمە 3ی كانونی یەكەم (دیسەمبەر)ی 2020، بەمەبەستی ئاگاداربوون لە ڕەوشی کار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و هاوکاری و پاڵپشتیکردنی زیاتری، بەسەرپەرشتی د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و بەئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی وگەشت و گوزار و كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبا و هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بە وەکالەت و مەسعود کاڕەش جێگری پارێزگار و سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەری گشتیی دابەشکردنی کارەبای هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، دووپات لەسەر هەماهەنگی زیاتری نێوان وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێر كرایەوە وئامادەبوان جەختیان لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و پێشكەشكردنی هەموو ئاسانکاری و هاوکاری و پاڵپشتییەک بۆ ئەم پڕۆژانە كردەوە.
لەتەوەرێکی دیكەی کۆبوونەوەکەدا دوای گفتۆگۆیەکی تێرو تەسەل لەبارەی گرفتی دارایی و تەرخانکردنی بڕی بودجەی پێویست بۆ بەجێگەیاندنی پڕۆژەکانی تایبەت بە شارەوانییەکان و چاککردنی دۆخی کارەبا، لەلایەن ئامادەبووانی کۆبوونەوە بڕیاری پێویستییان لەبارەوە درا.