خەڵاتی رێزلێنانی دژە گەندەڵی و چاكسازی پێشكەشى وەزیری كارەبا كرا
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- لەپای ئەرك و ماندووبوون و رۆڵی كاریگەری ئەندازیار كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا دادوەر فاروق محەمەد سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای رێكخراوی چەلەنگ بۆ دژە گەندەڵی خەڵاتی رێزلێنانی پێشكەشی وەزیری كارەبا كرد.
لەمەراسیمی بەخشینی رێزلێنانەكەدا دادوەر فاروق باسی لەو راپرسی و بەدواداچوونە كرد كە لەماوەی ساڵێكدا بۆ ئەدای وەزیری كارەبا و وەزارەتەكەی ئەنجام دراوە، كە رۆڵی كارای هەبوو لە گەڕانەوەی دادپەروەریی و چاكسازیی و بنبڕكردنی دیاردە گەندەڵییەكان، ئەمە وێڕای ئەوەی راستگۆیانە مامەڵەی كردووە لەو بەرپرسیارێتیەی خراوەتە سەر شانی .
لەلایەن خۆشیەوە وەزیری كارەبا وێڕای سوپاسی رێكخراوی ناوبراو سوپاسی هاوڵاتیان و فەرمانبەرانی وەزارەتیشی كرد كە توانییان وێڕای ئەو بار سەختی و ئاستەنگانەی هاتە بەردەمیان هاوكاریی یەكتر بن لە كەمكردنەوەی سەرپێچیەكان و باشكردنی بارودۆخی كارەبا و كەمكردنەوەی خەرجیەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا.