لەژێر چاودێری سەرۆكی حكومەت پرۆژەیەكی گرنگی كارەبا لەكەسنەزان جێبەجێ كرا
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- لەژێر چاودێری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ 21ی كانوونی یەكەم (دیسەمبەری) 2020 لە ناحیەی كەسنەزان لەهەولێر ڕێ وڕەسمی تەواوبوونی دەرهێنانی 8 فیدەری 11 كەی ڤی لە وێستگەی 132 كەی ڤی كەسنەزان بەگوژمەی 1 ملیار و 250 ملیۆن و 148 هەزار دینار بەڕێوەچوو.
لەم ڕێ وڕەسمەدا كە بە ئامادەبوونی كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا و هێمن قادر پارێزگاری هەولێر بەوەكالەت بەڕێوەچوو،وەزیری كارەبا باسی لەرۆڵی دكتۆر فرسەت سۆفی پارێزگاری پێشووی هەولێر كرد لە جێبەجێكردنی پرۆژەكەدا، هەروەها پیرۆزبایی لەتەواوی هاوڵاتیانی سنووری كەسنەزان و بنەسڵاوە كرد كە لەگەڵ ئیشپێكردنی فیدەرەكان زۆربەی گرفتەكانی بارزۆری و كەمی ڤۆڵتیە چارەسەر دەبێت.
دواتر لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دا وەزیری كارەبا جەختی لەسەر گرنگی پرۆژەكانی دابەشكردنی كارەبا كرد كە لەئێستادا لە پارێزگاو ناوچە جیاجیاكانی كوردستان چەندین پرۆژە لەجێبەجێكردندایە و بە تەواو بوونی ئەم پرۆژانەش بەشێكی زۆری گرفتی بارۆری چارەسەر دەبێت ئاماژەی بەوەش كرد وەزارەتی كارەبا توانای بەرهەمهێنانی 6700 مێگاوات كارەبای هەیە و لەو بڕە 3400 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنرێت بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی و گرفتی داراییەوە، بۆیە لە ئێستادا تەنیا 12 بۆ 14 كاتژمێر كارەبا دەدرێت بەهاوڵاتیان .
هەر لەو ڕێ وڕەسمەدا هێمن قادر پارێزگاری هەولێر بەوەكالەت سوپاسی وەزارەتی كارەبای كردو پاڵپشتی پارێزگای بۆ وەزارەتی كارەبا دووپات كردەوە .
شیاوی باسە ئەم پڕۆژەیە بەسەركەوتوویی و پێش وادەی خۆی لەلایەن كۆمپانیای دڵسۆز و تیمەكانی وەزارەتی كارەباوە تەواوبوو.