Skip to the content

وەزیری كارەبا ژمارەیەك پرۆژە و وێستگەی كارەبای لەهەولێر بەسەركردەوە

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- بەمەبەستی بەدواداچوون و لەنزیكەوە ئاگاداربوون لەچۆنیەتی بەڕێوەچوونی كارەكان سەر لەبەیانی ئەمڕۆ ئەندازیار كەمال محەمد ساڵح وەزیری كارەبا ژمارەیەك پرۆژەی كارەبای لە شاری هەولێر بەسەركردەوە.

لەو سەردانەیدا كە بەڕێوەبەرانی گشتی گواستنەوەو دابەشكردن و بەڕێوەبەری گشتی دابەشكردنی كارەبای هەولێر یاوەری بوون ؛ وەزیر هەریەك لە پرۆژەكانی دروستكرنی وێستگەی 132 كەی ڤی باداوەو زانیاری و نیشتمان و گواستنەوەی مۆبایلی ئازادی و راكێشانی فیدەرەكانی وێستگەی ئازادی – رووناكی و چەند پرۆژەیەكی دیكەی بەسەركردەوەو لەنزیكەوە گفتوگۆی كرد لەگەڵ تیمەكانی وەزارەتی كارەبا و كۆمپانیاكان. لەبەشێكی ئەو سەردانەیدا ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا پرۆژەی گرێدانی وێستگەی ئازادی نوێ بە وێستگەی رووناكی بەسەركردەوە كە لەلایەن كۆمپانیای شاندز بەڕێوەدەچێت و لە 85%ی كارەكانی تەواو بووە، وێڕای دەستخۆشی لەخێرا بەڕێوەچوونی كارەكانیان داوای لێكردن لەپێناو سەركەوتنی زیاتری پرۆژەكان هەماهەنگی باشتر لەنێوخۆیاندا بكەن.


بونیاتنانی ئەو وێستگە و پرۆژانە لەچوارچێوەی هەڵمەتێكی فراوان دێت بۆ كەمكردنەوەی بارگرانی لەسەر تەواویی وێستگەو فیدەرەكانی ناو شاری هەولێر بەتەواو بوونی سەرجەم ئەو پرۆژانە كاریگەری گەورەی لەسەر كەمكردنەوەی بارگرانی ناو سەنتەری شاری هەولێر و بەشێك لەدەوروبەری هەولێر دەبێت.