ئاگادارییەك لە كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێمەوە بۆ هاوبەشانی كارەبا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی شەممە ٢٠٢١/٤/١٧ كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم ڕاگەیانراوێكی بڵاوكردۆتەوە كە تێیدا هاوبەشانی كارەبا ئاگادار دەكاتەوە و ئەمەی خوارەوەش دەقەكەیەتی:
بۆ زیادكردنی توانای بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە كێڵگەكانی كۆرمۆر بۆ ماوەی 12 كاتژمێر بەرهەمهێنانی غاز رادەگیرێت، هاوبەشانی كارەبا ئاگادار دەكەینەوە كە رێكەوتی ٢٠٢١/٤/١٨لەكاتژمێر ٤ی بەیانییەوە تاوەكو كاتژمێر ٤ ی ئێوارە كۆمپانیای داناغاز بەسەرپەرشتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی چاكسازی لە كێڵگەی كۆرمۆر بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی و خۆئامادەكردن بۆ وەرزی هاوین، لەو ماوەیەدا هەناردەكردنی بڕە غازی پێویست بۆ وێستگەكانی بەرهەهێنان رادەوەستێت و بەرهەمهێنانی كارەبا كەم دەبێتەوە، تیمەكانی كۆنترۆڵی كارەبا و بەهەماهەنگی لەگەڵ وێستگەكانی گۆڕین، كار بۆ ئەوە دەكەن لەو ١٢ كاتژمێرەدا كەمترین كاریگەری لەسەر ماوەكانی پێدانی كارەبا بە هاوڵاتیان هەبێت.