وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لێژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی پەرلەمانی كوردستان كۆبووەوە
![](/media/5443/kamal-mohammed-meeting-with-energy-natural-resources-commerceindustry-committee-1.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=132621331650000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢١/٤/٥ كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لەگەڵ لێژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی كوردستان بە سەرۆكایەتی عەلی حەمەساڵح سەرۆكی لێژنەكە و جێگر و ئەندام و ڕاوێژكارانی لێژنەكە كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەی نێوان هەردوولادا تاوتوێی سەرجەم ماددە و بڕگەکانی پڕۆژە یاسای وەزارەتی کارەبا کرا و بڕیاریان دا ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی بکەن بەمەبەستی ئەنجامدانی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاساکە.
وەزیری كارەبا لە وتەیەكیدا باسی لە گرنگی ئەو پرۆژە یاسایە كرد، كە لەگەڵ چاكسازییەكان و گۆڕانكارییەكانی سەردەمدا دەگونجێت و ئامانجی سەرەكی خزمەتكردنی هاووڵاتییانە لە رێگەی زیادكردنی ماوەكانی پێدانی كارەبا و خۆگونجاندن لەگەڵ كەرتی تایبەت و دابەزینی دەسەڵاتەكان بۆ خوارەوە، كە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییاندایە.
لەلایەن خۆیەوە سەرۆكی لێژنەی وزە و سامانە سروشتیەكان لە پەرلەمانی كوردستان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە هەر كارو پرۆژە یاسایەك لە خزمەتی هاوڵاتیاندا بێت ئەوان پاڵپشتی دەكەن.
لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا كە دوابەدوای كۆبوونەوەكە ئەنجام درا، وەزیری كارەبا و سەرۆكی لێژنەی وزە و سامانە سروشتیەكانی پەرلەمانی كوردستان وەڵامی رۆژنامەنووسانیان دایەوە.