وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و لێژنەی سامانە سروشتییەكانی پەرلەمان كرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢١/٤/٥ کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد و لە لایەن دکتۆر هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانەوە پێشوازی لێکرا. لەو دیدارەدا کە بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەتی کارەبا ئامادەی بوون، وەزیری کارەبا ڕاپۆرتێکی پێشکەشی جێگری سەرۆكی پەرلەمان کرد، کە تێیدا کار و پڕۆژە و چاکسازییەکانی وەزارەتی کارەبای لە کابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەخۆگرتبوو . جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەلایەن خۆیەوە دەستخۆشی لە وەزیری کارەبا و تەواوی ستاف و فەرمانبەرانی وەزارەتی کارەبا کرد و وتی: "وەزارەتی کارەبا یەکێکە لەو وەزارەتانەی کارەکانی پرۆڤیشناڵانە و تەکنیکارانە لە خزمەتی هاوڵاتیاندا ئەنجام داوە و ڕۆڵ و خزمەتەکانی دیار و لەبەرچاوە". دواتر وەزیری کارەبا و شاندی یاوەری بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژە یاسای وەزارەتی کارەبا، لەگەڵ لێژنەی وزەو سامانە سروشتیەکانی پەرلەمانی كوردستان کۆبووەوە.