وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كونسوڵی بەشی ئابووری لە كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە هەولێر كرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ٢٠٢١/٤/٦ كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە لیزا بۆ دۆنڵی، كونسوڵی بەشی ئابووری لە كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە هەولێر كرد. لە كۆبوونەوەیەكدا كونسوڵی بەشی ئابووری پشگیری ئەمریكای بۆ حكومەت و گەلی كوردستان بەگشتی و پرۆژە و كارەكانی وەزارەتی كارەبا بەتایبەتی دووپات كردەوە و باسی بەشداری وڵاتەكەی كرد لە رێگەی قەرز و كۆمپانیاكانیەوە كە ئامادەیی تێدایە بۆ جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژەی گرنگ لە هەرێمی كوردستان كە پرۆژەكانی كارەباش لە خۆ دەگرێت.
وەزیری كارەبا وێڕای گەیاندنی سوپاسی حكومەت و گەلی كوردستان بە حكومەت و گەلی ئەمریكا، هاوكات باسی لە چەند پرۆژەیەكی ستراتیژی وەزارەتی كارەبا كرد و داوایكرد گەورە كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە بەشدار بن لە جێبەجێكردنی ئەو پرۆژانە بەتایبەتی پرۆژەی سكادا بۆ كۆنترۆڵی كارەبا و جێبەجێكردنی چەند وێستگەیەكی گۆڕینی كارەبای ٤٠٠ كەی ڤی و ئەنجامدانی پرۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە هاوشێوەی وێستگەی غازی گەرمیان كە بەسوود وەرگرتن لە غازی بەفیڕۆچوو لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان بونیاد بنرێت، هەروەها باسی لە گرنگی راكێشانی بۆڕی غازی بۆ وێستگەی١٠٠٠مێگاواتی كارەبای كواشی لە پارێزگای دهۆك كرد، كە دەكرێت لە رێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە جێبەجێ بكرێت و بۆ بەرزكردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە.
كونسوڵی ئابووری كونسوڵخانەی ئەمریكا لە كوردستان ئامادەیی دەربڕی لە رێگەی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی وڵاتەكەیەوە بانگێشتی ژمارەیەك لە گەورە كۆمپانیاكانی ئەمریكا بكات بۆ گفتوگۆكردن و دانیشتن لەگەڵ وەزارەتی كارەبا، هەروەها میكانیزم و شێوازی پێدانی قەرزەكەی خستە ڕوو، كە قەرزێكی درێژخایەنە و بەسوودێكی زۆر كەم.