Skip to the content

پڕۆژەی هێڵی پاڵەپەستۆی بەرزی گواستنەوەی کارەبای 33 کەی ڤی خەبات، بۆ وێستگەی ئیفراز (3) کرایەوە

هەولێر، هەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی 30ی ئابی 2021، لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبا و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، پڕۆژەی هێڵی پاڵەپەستۆی بەرزی گواستنەوەی کارەبای 33 کەی ڤی خەبات، بۆ وێستگەی ئیفراز (3)  لە کەورگۆسک کرایەوە، کە بە گوژمەی (11,160,000) دۆلار لە لایەن کۆمپانیان شاندزەوە جێبەجێ کراوە.
 
وەزیری کارەبا لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: ئەم پڕۆژەیە لە ژێر چاودێری سەرۆکی حکومەت بۆ خەڵکی هەولێر جێبەجێ کراوە کە لە 15 کیلۆمەتر هێڵی 33 کەی ڤی لە وێستگەی خەبات بۆ ئاوی ئیفراز (3) هەولێر پێکهاتووە و دەتوانێ بۆ ماوەی زیاتر لە 15 ساڵ کارەبا بۆ پڕۆژەی ئاوی هەولێر دابین بکات و توانای گواستنەوەی 50 بۆ 60 مێگاوات کارەبای هەیە و لە کاتی ئێستادا 10 مێگاوات کارەبا دەگوازێتەوە.
 
پارێزگاری هەولێریش لە وتەکەیدا گوتی: تەواوی دانیشتووانی سنوورەکە لەم پڕۆژەیە سوودمەند دەبن و کاریگەری بەسەر پڕۆژەی ئاوی ئیفراز بۆ دانیشتووانی هەولێر دەبێت و لە ئایندەشدا پڕۆژەی ئاوی ئیفراز (4) دەست پێدەکرێت.