وێستگەی نیشتمان کێشەى کارەباى بازاڕ و گەڕەکەکانی سەنتەرى هەولێر چارەسەر دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )- لە درێژەی كاروچالاكییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لە ژێر چاودێری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وێستگەی كارەبای ١٣٢کەى.ڤى ـى نیشتمان، لە پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکرێتەوە.
سبەی دووشەممە ڕێکەوتى ١٦/٨/٢٠٢١ى زایینى، لە مەراسیمەکەدا کە ئەندازیار کەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر تیایدا ئامادە دەبن، وێستگەی كارەبای ١٣٢کەى.ڤى ـى نیشتمان دەکرێتەوە كە ڕۆڵێكی گرنگى لە چارەسەركردنی كێشەكانی كارەبای بەشێكی زۆرى بازاڕی سەنتەری شاری هەولێر و گەڕەكەكانی دەوروبەری دەبێت.
وێستگەی كارەبای ١٣٢/٣٣/١١ کەى.ڤى ـى نیشتمان بە تواناى ٦٣/٥٠/٤٠ مێگاڤۆڵت ئەمپێر، کە لە لایەن كۆمپانیای زاگرۆس و بە گوژمەی ١٣ ملیۆن و ٩٩٥ هەزار و ٨١٢ دۆلار جێبەجێ كراوە، لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی چەند وێستگەیەكی دیكەی كارەبای ١٣٢کەى.ڤى ـیە كە لە لایەن هەمان كۆمپانیاوە لەناو شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێت.
ئەم وێستگەیە چەندین فیدەر لە خۆ دەگرێت وەک فیدەرەكانی ١٣٢کەى.ڤى ٤ فیدەر و فیدەری ٣٣ کەى.ڤى ١٥ فیدەر و ١١ كەی.ڤی ٢٧ فیدەر و ٣ محاویلە، كە ئەمانەش ڕۆڵێكی بەرچاویان دەبێت لەچارەسەركردنی كێشەی ڤۆڵتیە و كەمكردنەوەی بارزۆری لە بەشێكی زۆرى بازاڕی ناو سەنتەری شاری هەولێر و گەڕەكەكانی دەوروبەری.
لە مەراسیمەکەدا سەرەتا پارێزگارى هەولێر وتەى بەخێرهاتن پێشکەش دەکات و پاشان کورتە فیلمێک لەسەر قۆناغەکانى بونیاتنانى وێستگەکە نیشانى ئامادەبووان دەدرێت. بەڕێوەبەرى ڕێپێدراوى کۆمپانیاى زاگرۆسیش وتەیەک پێشکەش دەکات و دواى ئەویش
ئەندازیار کەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى گرنگى وێستگەکە و نەهێشتنى بارگرانى لەسەر کارەبا و باشترکردن و زیاترکردنى کاتژمێرەکانى کارەبا وتارێک پێشکەش دەکات.
پاش وتارەکان وەزیرى کارەبا و پارێزگارى هەولێر و بەڕێوەبەرى ڕێپێدراوى کۆمپانیاى زاگرۆس، وەک کردنەوەى پڕۆژەکە، ئیش بە وێستگەکە دەکەن و لە کۆتاییدا کۆنگرەى ڕۆژنامەنووسى بۆ میدیاکان ئەنجام دەدرێت و وەڵامى پرسیارەکاى ڕۆژنامەنووسان دەدرێتەوە.