وەزیری کارەبا: رێگە بە کەمتەرخەمی لە خۆپارێزیی پیشەیی تیمەکانی کارەبا نادەین
هەولێر، هەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- کەمال محمدساڵح، وەزیری کارەبا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەرانی گشتیی دیوان وگواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا رایگەیاند بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەین کەمتەرخەمی لە پاراستنی گیانی فەرمانبەرانی وەزارەت لە وانە تیمەکانی چاککردنەوە بکرێت.
هەر بەڕێوەبەر یان فەرمانبەرێکی وەزارەت لە میانەی جێبەجێکردنی کارەکانیدا، کەلوپەلی خۆپارێزی پیشەیی بەکار نەهێنت و لە بەرانبەر پاراستنی گیانی خۆی و هاوکارانی کەمتەرخەمی بنوێنێت و پابەندی رێنماییەکان نەبێت لێى قبوڵ ناكرێت.
وەزارەتی کارەبا بۆ پاراستنی گیانی فەرمانبەر و تیمەکانی، هەموو رێوشوێنێک دەگرێتە بەر و رێگە بە هیچ جۆرە خەمساردی و پابەند نەبوونێک بە رێنماییەکان نادرێت و بە توندیش چاودێریی پرۆسەکانی خۆپارێزیی پێشەیی دەکرێت.