Skip to the content

وەزارەتی کارەبای عێراق سوود لە ئەزموونی سەرکەوتووی دانانی پێوەری زیرەک لە هەرێمی کوردستان وەردەگرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- کەمال محمد ساڵح، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ عادل کەریم، وەزیری کارەبای عێراق کۆبووە و باس لە گۆڕینەوەی شارەزایی و سوود وەرگرتن لە تواناکان کرا بەتایبەتی لە بواری بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبادا.
لەو کۆبوونەوەیەدا ئەم بڕیارانەی خوارەوە دران:
- گەیاندنی خێرای کارەبا بۆ گوند و ناوچەکانی ماددەی 140.
- دانانی بەرنامە و پلان بۆ ڕێگرتن لە تەقاندنەوەی تاوەرەکانی کارەبا و خێرا چاککردنەوەی.
- دانانی وێستگەی کارەبا لە بری وێستگەکانی مۆبایلی کارەبا.
- سوود وەرگرتنی هەرێم لەو قەرزە دەرەکیانەی کە عێراق بۆ بونیاتنانی ژێرخانی کارەبا وەری دەگرێت.
- عێراق سوود لە ئەزموونی سەرکەوتووی دانانی پێوەری زیرەک لە هەرێم وەردەگرێت.
- بەکارهێنانی ڕێژەیەک لە داهاتی کارەبا بەهاوشێوەی هەرێم بۆ پرۆژە و پێشخستنی کەرتی کارەبا.
- فراوانکردنی سیستەمی سکادا بۆ کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی سیستەمی کارەبا.
-بەشداریکردنی فەرمانبەرانی کارەبای هەرێم لە کۆنگرە و کۆنفرانسە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی پەیوەندار بە کارەبا و وزە.
لەو سەردانەدا وەزیری کارەبای هەرێم بەڕێوەبەرانی گشتی دیوان و گواستنەوە و بەرهەمهێنان و دابەشکردن و بەڕێوەبەری نووسینگە و کۆنترۆڵی کارەبا یاوەری بوون.