وەزیری كارەبا لەگەڵ یەكێتی وەبەرهێنەران كۆبووەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمرۆ چوارشەممە 27/1/2021 ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا پێشوازیی لە ئەحمەد رێكانی سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان و شاندی یاوەری كرد, لەو دیدارەدا وەزیری كارەبا باسی لەهەوڵەكانی وەزارەت كرد بۆ باشكردنی رەوشی كارەبا و جێبەجێكردنی ئەو پرۆژانەی كە رۆڵیان دەبێت لەچارەسەركردنی بارزۆری و گەیاندنی كارەبا بۆ پرۆژەكانی نیشتەجێبوون و بازرگانی و پیشەسازیی ، كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا ئەوەشی خستەڕوو كە بەرهەمهێنان و گواستنەوەو دابەشكردنی كارەبا پرۆسەیەكی ئاڵۆزەو تێچوون و كاری زۆری دەوێت تا دەگاتە هاوبەشانی كارەبا بۆیە پێویستی بەپاڵپشتی و هاوكاریی هەمووان هەیە.
لەلایەن خۆیەوە سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان وێڕای سوپاسی وەزارەتی كارەبا بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی كارەبا هاوكات چەند داواكاریی و پێشنیارێكی ئاراستەی وەزارەتی كارەبا كرد بۆ پێدانی كارەبا بە پرۆژەكانی وەبەرهێنەران بەتایبەتی بۆ یەكەكانی نیشتەجێبوون و پۆلی بازرگانی و پیشەسازیی، وەزیری كارەبا بەڵێنی پێدان بەپێی تواناكانی بەردەست هەموو هەوڵەكانی لەخزمەتی هاوبەشانی كارەبا لەناویشیاندا هاوڵاتیان و وەبەرهێنەران دەبێت، چونكە وەبەرهێنەرانیش رۆڵیان لە بونیاتنانی ژێرخانی ئابووری و بەدەستهێنانی هەلی كار بۆ هاوڵاتیان هەیە.