Skip to the content

لەژێر چاودێری رێزدار ( مەسرور بارزانی )سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پرۆژەیەكی گرنگی كارەبا لەهەولێر جێبەجێ كرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق(GOV.KRD)- ئەمرۆ 19ی کانونی دووەم(یەنایەر)ی 2021 پرۆژەیەکی گرنگ جێبەجێ کرا کە سێ برگە لەخۆدەگرێ(بونیاتنانی وێستگەی كارەبای ئیسكانی نوێ 11/33 kv و گرێدانی وێستگەی ( ئازادی نوێ11/33/132 كەی ڤی) بە وێستگەی (ئیسكانی نوێ 11/33) و دەرهێنانی 5 فیدەری 11 كەی ڤی).

وەزیری كارەبا: لەم كابینەیەدا گرنگیەكی تایبەتی بە بونیاتنانی ژێرخانی كارەبا دراوە.

لەژێر چاودێری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێزدار( مەسرور بارزانی ) بەئامادەبوونی ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا و هێمن قادر پارێزگاری هەولێر/ بەوەكالەت لەمەراسیمێكدا پرۆژەیەكی گرنگی كارەبا تەواوكرا، كە سێ بڕگەی لەخۆگرتبوو( بونیاتنانی وێستگەی كارەبای ئیسكانی نوێ11/33KV - گرێدانی وێستگەی ( ئازادی نوێ11/33/132 كەی ڤی) بە وێستگەی (ئیسكانی نوێ 11/33)– دەرهێنانی 5 فیدەری 11 كەی ڤی).

وەزیری كارەبا لەو مەراسیمەدا سوپاسی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد كە پاڵپشتی جێبەجێكردنی ئەو ژمارە زۆرەی پرۆژەكانی كارەبای كردووەو كاریگەریی بەرچاوی دەبێت لە بونیاتنانەوەی ژێرخانی كارەبا، دواتر وێستگەكەی بەگەڕخست و یەكەكانی وێستگەكەی بەسەركردەوەو وتەیەكی پێشكەش كردوو تێیدا ئاماژەی بەگرنگی وێستگەی ئیسكانی نوێ كردوو وتی: كردنەوەی ئەو سێ‌ پڕۆژەیەی ئەمڕۆ لە هەولێر زۆر پێویست بوو بۆ ڕێكخستنی كارەبا و كەمكردنەوەی بارزۆری لەناو سەنتەری شاری هەولێردا، هەر لەو مەراسیمەدا وەزیری كارەبا جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە وەزارەتی كارەبا لەسەرجەم پارێزگاو ناوچە جیاجیاكانی كوردستاندا چەندین پرۆژەی وێستگەو دەركردنی فیدەری كارەبای دەست پێكردووە.

وێستگەی كارەبای ئیسكانی نوێ بە تێچوونی ( 4 ملیۆن 373 هەزار 525 دۆلار) لەلایەن كۆمپانیای (بیست) جێبەجێ كراوە و دوای ئەوەی لەلایەن كۆمپانیای شاندزەوە بەتێچوونی 3 ملیار و 23 ملیۆن و 407 هەزار دینار وێستگەكە بەسترایەوە بەوێستگەی كارەبای ئازادی نوێ و بەتێچوونی 367 ملیۆن و 500 هەزار دینار لەلایەن كۆمپانیای پاڵۆسەوە بە 5 فیدەر كارەبا بەسەر گەڕەك و ناوچەكانی دەوروبەری ئیسكان دابەش كراو بەڕادەیەكی زۆر باش گرفتی بارزۆری چارەسەر دەكات.

لەوتەیەكیشدا هێمن قادر پارێزگاری هەولێر بەوەكالەت سوپاسی وەزیر و تیمەكانی وەزارەتی كارەبای كرد كە لەماوەی یەك ساڵدا ئەو ژمارە زۆرەی پرۆژەو كاری گەورەیان ئەنجام داوەو سوپاسی هاوكاری و پاڵپشتی هاوڵاتیانیشی كرد كە بەدەنگ چاكسازیی و هەنگاوەكانی وەزارەتی كارەباوە هاتوون بەتایبەتی لەپارێزگای هەولێر كە ژمارەیەكی زۆری سەرپێچیەكان چارەسەر كراون.