وەزارەتی كارەبا لەرێگەی وزەی خۆرەوە 75 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمرۆ یەک شەممە 2021/1/31 بەمەبەستی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی پرۆژەكانی وەزارەتی كارەبا ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی فراوانی وەزارەتی كرد، لەو كۆبوونەوەیەدا كە بریكار و راوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت ئامادەیبوون جەخت لەسەر گرنگترین ئەو پرۆژانە كرا كە وەزارەت سەرقاڵی جێبەجێكردنیەتی بەتایبەت لەبواری بەرهەمهێنان و گواستنەوەو دابەشكردنی كارەبا.
تەوەرێكی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بەتەواو بوونی تەندەری جێبەجێكردنی پرۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا لەرێگەی وزەی خۆرەوە كە لەرێگەی وەبەرهێنانەوە بڕی 75 مێگاوات جێبەجێ دەكرێت. سەبارەت بە پێوەری زیرەكیش وەزیری كارەبا تەئكیدی لەخێرا جێبەجێكردنی پرۆژەكە كردەوە بەتەواوبوونی ئەو پرۆژەیەش باشتر كۆنترۆڵی دابەشكردنی كارەبا و كەمكردنەوەی سەرپێچیەكان دەكرێت و ئەمەش لەبەرژەوەندی هاوبەشانی كارەبایە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باس لەسەرجەم ئەو وێستگانەی گۆڕینی كارەبا كرا كە ئەمساڵ بەشێكی زۆری لە پارێزگاو ناوچە جیاجیاكانی كوردستان جێبەجێ دەكرێت، وەزیری كارەبا داوای كرد لە ئێستاوە كار بۆ بەستنەوەی سەرجەم ئەو وێستگانە بكرێت کە بەتۆڕی كارەبای نیشتمانی یەوە گرێدەدرێن.