وەزیری كارەبا پرۆژەی هایدرۆپاوەری دێرەلۆكی بەسەركردەوە
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا: پرۆژەی هایدرۆپاروەری دێرەلۆك كە بەرێژەی لە 75% ی تەواو بووە جگە لەوەی تێچوونی بەرهەمهێنانی كارەبای كەمە بەیەكێكیش لەپرۆژە گرنگەكانی دۆستی ژینگە دادەنرێت
بەمەبەستی بەدواداچوون ولەنزیكەوە ئاگاداربوون لە جێبەجێكردنی پرۆژەی هایدرۆپاوەری دێرەلۆك، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا سەردانی قەزای ئامێدی كردوو لەلایەن ئیسماعیل مستەفا قایمقامی ئامێدی پێشوازیی لێكرا، دواتر سەردانی پرۆژەكەیان لە دێرەلۆك كردوو لەلایەن دكتۆر عەلی وەكیلی بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای فارابی ئێرانی و بەهرۆز خاچەوی بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بڵندپایا وە پێشوازییان لێكرا، لەكۆبوونەوەیەكیشدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای كۆمپانیای جێبەجێكار وەزیری كارەبا جەختی لەسەر گرنگی ئەم پرۆژەیە كردەوە كە لەرووی ژینگەو كەمی تێچوونەوە بایەخیەكی گەورەی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە بەتایبەتی كە پرۆژەكە جگە لەدروستكردنی وێستگەیەكی هایدرۆپاوەری 37 مێگاواتی و دروستكردنی وێستگەیەكی 132 كەیڤی لەخۆدەگرێت و تۆڕی كارەبای هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك لەناوچەی رێزانەوە بەیەكەوە دەبەستێتەوە، لەتەوەرێكی كۆبوونەوەكەدا وەزیری كارەبا داوای لەهەردوو كۆمپانیای فاراب و بڵندپایای ئێرانی كرد لەماوەی دیاریكراوی خۆیدا پرۆژەكە تەواو بكەن و وەكو وەزارەتیش ئامادەیی هەموو هاوكاریی و پاڵپشتیەكی سەرخستنی پرۆژەكەن. لەلایەن خۆیانەوە بەرپرسانی باڵای هەردوو كۆمپانیاكە بەڵێنیان دا لەكۆتایی ئەمساڵدا پرۆژەكە جێبەجێ بكەن.
ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا لەگەڵ شاندی وەزارەت یەكەكانی وێستگەكەی بەسەركردەوەو لەنزیكەوە بەدواداچوونی بۆ جێبەجێكردنی كارەكان كردوو رێنمایی پێویستی بە ئەندازیاران و سەرپەرشتیارانی پرۆژەكەدا. لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وەزیری كارەبا سەبارەت بە پرۆژەكە وتی: بەسوپاسەوە رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتی تەواویی پرۆژەكانی وەزارەتی كارەبایە ئەم پرۆژەیەش كە لەسەر قەرزی یابانی بەتێچوونی 129 ملیۆن دۆلارە و بڕی 37 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنێتو بەرێژەی 75%ی پرۆژەكە تەواو بووە، پرۆژەی هایدرۆپاوەری دیرەلۆك تەنیا بۆ چارەسەری ڤۆڵتیەی ئەم دەڤەرە گرنگ نییە بەڵكو بەرهەمەكەی وێڕای ئەوەی تێچوونی كەمەو بە ئاو بەرهەم دەهێنرێت و دۆستی ژینگەیە هاوكات ئەو بڕە كارەبایەی بەرهەم دەهێنرێت دەخرێتە ناو تۆڕی كارەبای نیشتمانی یەوە، ئەمەش لەچوارچێوەی دەیان پرۆژەی دیكە دێت لە پارێزگاو دەڤەرە جیاجیاكانی كوردستان وەكو پرۆژەی پێوەری زیرەك و بەرهەمهێنانی كارەبا لەگەرمیان و راپەرین و زاخۆو دروستكردنی چەندین وێستگەی گۆڕین و چەندین چاكسازیی دیكە كە هەر هەمووی لەخزمەتی بەهێزكردنی ژێرخانی كارەبا و باشكردنی رەوشی كارەبایە .