وەزیری كارەبا پێشوازیی لەكونسوڵی گشتی كۆماری ئیسلامی لەهەرێم كرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان،عیراق( GOV.KRG )
ئەمرۆ ١٢ی کانونی دووەم (ینایر) ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا پێشوازیی لەنەسروڵا رەشنوودی كونسوڵی گشتی كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەرێمی كوردستان و جەواد كەریمی بەرپرسی بەشی ئابووری و شاندی یاوەری كرد، لەدیدارێكدا باس لەپەیوەندییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان كرا بەتایبەتی لەبواری كارەبا و بەشداركردنی گەورە كۆمپانیاكانی ئێران لە پرۆژەكانی وەزارەتی كارەبا، وەزیری كارەبا وێڕای بەخێرهاتنی كونسوڵی گشتی كۆماری ئیسلامی ئێران و بەرز هەڵسەنگاندنی پەیوەندییەكان و هاوكارییەكانی ئەو وڵاتە ئامادەیی وەزارەتی نیشاندا بۆ پێشكەشكردنی هەموو كارئاسانی و هاوكارییەكی ئەو كۆمپانیانەی ئێران كە ئامادەن لەهەرێمی كوردستاندا وەبەرهێنان ئەنجام بدەن. لەلایەن خۆیەوە كونسوڵی گشتی كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەرێم سوپاسی وەزیری كارەبای كردوو ئامادەیی هاتنی ژمارەیەك لەكۆمپانیاكانی ئێرانی راگەیاندن كە لەبواری وزەو كارەبا خاوەنی ئەزموونێكی دەوڵەمەندوو باشن تاوەكو لەنزیكترین كاتدا سەردانی وەزارەتی كارەبا بكەن.