هەڵسەنگاندن بۆ بەشێکی نەبینراوی کەرتی کارەبا لە پارێزگای هەولێر دەکرێت
هەولێر، هەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- کەمال محمدساڵح وەزیری کارەبا رۆژی یەکشەم 11 ی تەمموزی 2021، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی کارەبای پارێزگای هەولێر، کێشە و کەموکورتییەکانی کەرتی کارەبای لەسەر ئاستی پارێزگاکە تاوتوێ کرد.
بههۆی كهمبوونهوهی داهاتی کارەبا بەراورد لەگەڵ مانگی پێشتر، وەزیری کارەبا بە خستنەڕووی هەندێ لە کێشە گرنگەکانی کەرتی کارەبا، ئاماژەی بە کەمبوونەوەی داهاتی کارەبا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە ماوەی مانگی رابردوودا کرد و گوتی: کەمبوونەوهکە لە ئاستێک دایه کە جێگای قبووڵکردن نییە و هەر ئەم داهاتەیە کە لەگەڵ داهاتەکانی دیکە بۆ مووچە و خزمەتگوزارییەکان خەرج دەکرێت.
هەر بۆیە گەڕاندنەوەی داهاتی کارەبا لە کاتی دیاریکراودا بۆ خزێنەی گشتی بە بەشێکی گرنگی کاری بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەیوەندیدار دەستنیشان کرا. حوسێن حەمەد بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر رایگەیاند، مانگی حوزەیران 39 هەزار پسوولەی کارەبا لە هەولێر دراوە بە هاوبەشانی کارەبا، بەڵام ئەم مانگە لە پلان دایە لە کۆی 160 هەزار هاوبەش، 150 هەزار پسوولە چاپ بکرێت.
سەبارەت بە قەرزەکانیش بڕیار درا کە پێویستە هاوبەشانی کارەبا قهرزهكان بدەنەوە، بە پێچەوانەوە رێکاری یاسایی لە بەرانبەریان دەگیرێتە بەر. بۆ ئەم مەبەستە وەزیری کارەبا باس لە سووککردنی قەرز و کرێی کارەبا لەسەر هاوبەشان لەسەر پێدانی بە شێوەی مانگانە کرد، بە تایبەتی بۆ ماڵان کە لە %85 ی هاوبەشانی کارەبا پێکدێنن.
تایبهت به قەرزی کارگەکانیش، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر گوتی: 875 هاوبەشی کارەبا هەیە و 64 شوێن بەهۆی نەدانی قەرزەکانیان کارەباکەیان بڕاوە و 185 هاوبەش بۆ خۆیان هاتوون و قەرزەکانیان داوە. ئەگەر هاوبەشانی پێشەسازی، کشتوکاڵی و بازرگانی لەکاتی دیاریکراودا قەرزەکانیان نەدەنەوە، کارەباکەیان دەبڕێت.
وەزیری کارەبا بۆ چارەسەرکردنی بەشێکی زۆری کێشەکانی کارەبا، داوای کرد پرۆسەی بەستنی پێوەری زیرهك خێراتر بکرێت و بەستنی لینکەکەیان بە تۆڕی کارەبا بەپێی گرێبەست لە لایەن کۆمپانیای جێبەجێکارەوە جێبەجێ بکرێت، کە دەبێتە بهکارخستنی خێرای پێوەری زیرەک.
ئهوهی پهیوهندی به سەرپێچییەکانی سهر تۆڕی كارهباوه ههیه، بڕیار درا لەگەڵ پۆلیس و ئاسایش و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە هەماهەنگییەکی تەواو بکرێت، بەتایبەتی دوای نەهێشتنی سەرپێچی، بە دواداچوون بۆ ئەو شوێنانە بکرێت کە سەرپێچییەکانیان بڕاوە و لە ئەگەری دووبارە بوونەوە، رێکاری توندی یاسایی لە بەرانبەریان دەگیرێتە بەر.
بۆ بیر هێنانهوهش لە مانگی حوزەیران، 1056 سەرپێچی لە پارێزگای هەولێر بڕاوە و، تیمەکانی راسپێردراو بە شێوەیەکی بەرفراوانتر دەست بە هەڵمەتی نەهێشتنی سەرپێچی دەکەن.
ههر لهكۆبوونهوهكهدا گفتوگۆ لهسهر هەڵسەنگاندنی ئەدای بەڕێوەبەرانی کەرتی کارەبا لە پارێزگای هەولێر كرا، کە پێویستە بە پێی کار و خزمەتگوزارییەکانیان بۆ هاووڵاتیان هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت.
له كۆتاییشدا بڕیار درا پڕۆژەی پۆرتاڵی خزمەت بۆ بەرچاوروونی و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتیان، پراکتیزە بكرێـت.