وێستگەیەكی 132 كەی ڤیی دابەشكردنی كارەبا بۆ قەزای شێخان دادەنرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا، رۆژی سێشەممە 2021/6/15، پێشوازیی لە شێخ سەردار شێخ یەحیا قایمقامی شێخان كرد، كە بەمەبەستی تاوتوێكردنی پێداویستییەكان و چارەسەركردنی كێشەكانی كارەبای قەزاكەیان سەردانی وەزارەتی کارەبای كردبوو.
لەدیدارەكەدا، وەزیری كارەبا رایگەیاند لەبودجەی ئەمساڵی 2021 وێستگەیەكی 132 كەی ڤیی دابەشكردنی كارەبا لە سەنتەری قەزای شێخان دادەمەزرێنن كە سوودێكی زۆری بۆ كەمكردنەوەی بارزۆری لەسەر تۆڕی كارەبا و راكێشانی فیدەرەكان بۆ هاوڵاتیان دەبێت.
لەلایەن خۆیەوە قایمەقامی شێخان سوپاسی وەزیری كارەبای كرد كە لەبودجەی ئەمساڵدا ئەم وێستگەیەو چەند پرۆژەیەكی دیكەی كارەبای بۆ قەزاكەیان تەرخان كردووە كە بەهۆیەوە بەشێكی زۆری كێشەكانیان چارەسەر دەبێت.