Skip to the content

وەزارەتی کارەبا داوا لە هاووڵاتییان دەکات بەپێی پۆرتاڵی خزمەت سەردانی فەرمانگەکانی کارەبا بکەن

 هەولێر، هەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)-كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا رۆژی یەکشەم 2021/6/20، بە مەبەستی دابینکردنی ئاسانکاری لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان و کەمکردنەوەی رۆتین لەگەڵ بەڕێوەبەرانی بەشە جیاوازەکانی دیوانی گشتیی وەزارەت کۆبووەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا پێداگیریی لەسەر گرنگی پێدانی هاووڵاتیان بە پۆرتاڵی خزمەت کرا، کە بەهۆیەوە هاووڵاتیان دەتوانن پێش سەردانکردنی فەرمانگەکانی کارەبا، سەردانی لینکی وەزارەتی کارەبا لە ماڵپەڕی  service.gov.krd بکەن و بە وەرگرتنی زانیاری لەسەر شێواز و شوێن و هەنگاوەکانی،  پێداویستییەکانی مامەڵەکانیان لەگەڵ خۆیان ببەن، بۆ ئەوەی لە کەمترین ماوەدا مامەڵەکانیان جێبەجێ بکرێت.
 
وەزارەتی کارەبا 13 جۆر خزمەتگوزاری لە چوارچێوەی کەرتی کارەبادا پێشکەش دەکات و چۆنییەت و شێواز و هەنگاوەکانی پێشکەشکردنی زۆربەی ئەم خزمەتگوزارییانە لە پۆرتاڵی خزمەتدا بەردەستن.