وەزیری كارەبا، پێشوازیی لە شاندێكی وەزارەتی كارەبای عێراقی فیدراڵ كرد
هەولێر، هەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا ، رۆژی 14ی حوزەیرانی 2021 ، پێشوازیی لەزێدان خەلەف بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای باكووری وەزارەتی كارەبای حكومەتی فیدڕاڵی و شاندێکی یاوەری كرد.
لەدیدارێكدا كە بەڕێوەبەری گشتیی دابەشكردنی كارەبای هەرێم ئامادەیبوو، باس لەو گرفت و كێشە تەكنیكیانەی كارەبا كرا كە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەنێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵدا بوونیان هەیە. وەزیری كارەبا داوای لەهەردوو لێژنەی پەیوەنداری كارەبا لەنێوان هەرێم و حكومەتی ناوەند كرد، بەزووترین كات كار بۆ چارەسەركردنی سەرجەم ئەو گرفت و كێشانە بكەن.
لەلایەن خۆیانەوە شاندی وەزارەتی كارەبای فیدڕاڵ سوپاسی وەزیری كارەبایان كرد بۆ ئەو هەماهەنگی و كارئاسانییەی كە بۆ چارەسەر و یەكلاكردنەوەی كێشەكانی كارەبا لە تەواویی ناوچەكانی ماددەی 140 پێشكەشیان كراوە.
هەر هەمان رۆژ لێژنەی باڵای هەردوو وەزارەت، كۆبوونەوەكانی خۆیان دەستپێكرد و بڕیاردرا بۆ هەر پارێزگایەك كە ناوچە جێناكۆكەكان و ماددەی 140 دەیانگرێتەوە، لیژنەی تەكنیكی و ئیداریی تایبەت بە كارەبا دابمەزرێت.