كۆمپانیای كار پرێزینتەیشنێكی تایبەت بەشداریكردن و بەڕێوەبردنی كەرتی دابەشكردنی كارەبا پێشكەش كرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێ شەممە 2021/3/16 بەئامادەبوونی ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا كۆمپانیای ( كار ) پرێزینتەیشنێكی تایبەت بەبەشداری كۆمپانیاكە بۆ بەڕێوەبردنی كەرتی دابەشكردنی كارەبا پێشكەش كرد. لەو پرێزینتەیشنەدا كە شێخ باز بەرزنجی سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕی كۆمپانیای ( كار ) ئامادەیبوو، باس لە كەرتی دابەشكردنی كارەبای هەرێم و هەنگاوەكانی بەشداریكردنی كەرتی تایبەت بۆ بەڕێوەبردنی دابەشكردنی كارەبا كرا، لەوتەیەكیدا وەزیری كارەبا باسی لەگرنگی ئەم هەنگاوە كرد بۆ باشتر بەڕێوەبردنی كەرتی كارەبا و زیاتر خزمەتكردنی هاوڵاتیان لەرێگەی كەمكردنەوەی بەفیڕۆدانی وزەی كارەبا و كەمكردنەوەی سەرپێچیەكان و زیادكردنی ماوەكانی كارەبا، ئاماژەی بەوەشكرد بەتایبەتكردنی كەرتی كارەبا سەرەتا لەخزمەتی هاوڵاتیاندایە بەرەچاوكردنی ماف و ئیمتیازاتەكانی فەرمانبەرانی كارەبا و بەشداریكردنی كەرتی تایبەتیشە بەهاوشێوەیە ئەزموونە پێشكەوتووەكانی دنیا. لەلایەن خۆیەوە شێخ باز سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕی كۆمپانیای كار سوپاسی وەزیری كارەبا و ستافی وەزارەتی كرد بۆ ئەو پاڵپشتی و هاوكارییەی كەرتی تایبەت و ئاماژەی بەمەبەستی كۆمپانیاكەشیان كرد لەبەشداریكردنی بەڕێوەبردنی كەرتی دابەشكردنی كارەبا كە مەبەست لێی خزمەتكردنی هاوڵاتیانی كوردستان و باشتر بەڕێوەبردنی سێكتەرێكی گرنگی ژیانی خەڵك و ئابووری كوردستانە .