وەزیری كارەبا : ئەزموونە پێشكەوتووەكانی دنیا پێمان دەڵێن هاوبەشیكردنی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت لەبەڕێوەبردنی دابەشكردنی كارەبا لەبەرژوەندی هەمووانە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/3/10 ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا بەشداریی پرێزینتەیشنێكی كۆمپانیای تۆرۆسی كرد، كەبەمەبەستی بەشداریكردنی كەرتی تایبەت بۆ بەڕێوەبردنی دابەشكردنی كارەبا بەڕێوەچوو، لەو پرێزینتەیشنەدا كە كامیل قەزاز بریكاری وەزارەت و راوێژكارو بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی كارەبای پارێزگاكان ئامادەیبوون، وەزیری كارەبا باسی لەگرنگی پرۆسەی بەشداریكردنی كەرتی تایبەت بۆ بەڕێوەبردنی دابەشكردنی كارەبای كردوو وتی: ئەزموونە پێشكەوتووەكانی دنیا دەرینانخستووە لەرێگەی هاوبەشیكردنی كەرتی تایبەت لەدابەشكردنی كارەبادا هاوڵاتیان و حكومەت و ئابووری هەرێم سوودمەند دەبن، بەتایبەتی لەم كابینەیەدا كە چاكسازیی لە سێكتەری كارەبا یەكێكە لەكارنامەكانی حكومەت. دواتر بەووردی لەو پرێزینتەیشنەدا توێژینەوەیەكی زانستی و پراكتیكی پێشكەش كرا لەسەر واقیعی كەرتی كارەبای هەرێم و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی بەشداریكردنی كەرتی تایبەت لەسێكتەری دابەشكردنی كارەبادا.