وەزیری كارەبا لەیادی هەشتی مارس رۆڵ و پێگەی ئافرەتانی بەرز نرخاند
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە 2021/3/8 لە رۆژی جیهانی ئافرەتاندا، ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا لەنووسینگەی تایبەتی خۆی پێشوازی لە ئافرەتانی فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبا كرد، لەسەرەتادا وەزیری كارەبا یادی هەشتی مارسی لەئافرەتان بەگشتی و فەرمانبەرانی ئافرەتی وەزارەتی كارەبای پیرۆز كرد. لەوتەیەكیشیدا وەزیری كارەبا رۆڵ و پێگەی ئافرەتانی كوردستان لەمێژووی كوردستان بەرزنرخاند بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی رابردوو كە لەگەڵ بوونی قەیرانێكی سەختی دارایی و كۆرۆنادا ئافرەتان هاوكارێكی باش بوون چ لەناو دامودەزگاكانی حكومەت چ هاوكاریی خێزانەكانیان بوون لەبەڕێوەبردنی ماڵدا، لەتەوەرێكی قسەكانیدا وەزیری كارەبا باسی ئەو رۆڵە گەورەیەی كرد كە فەرمانبەرانی وەزارەت لە بواری وەزیفی و بوژانەوەی سێكتەرەكانی كارەبا بینیویانە، دواتر وەزیری كارەبا دەرفەتی بەئافرەتانی فەرمانبەر دا لەم یادەدا داواكاریی و پێشنیاری خۆیان بڵێن و لەنزیكەوە گوێبستی داواكاریی و پێشنیارەكانیان بوو. ئافرەتانی فەرمانبەری وەزارەتی كارەبا وێڕای سوپاسی ئەو پێشوازیی و گرنگیدانە بەم یادە داوایان كرد پێگەی ئافرەتان لە دامودەزگاكانی حكومەتدا زیاتر بایەخی پێبدرێت .