وەزیری كارەبا پێشوازی لە كونسوڵی گشتی میسر لەهەرێمی كوردستان كرد
![](/media/4959/kamal-mohammed-receives_egypt-consulate_01.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=132591996180000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە 2021/3/2 ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا پێشوازی لە محمد وەجیە حجازی كونسوڵی گشتی میسر لەهەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كرد. كە بەمەبەستی سوود وەرگرتن لە ئەزموون و شارەزایی كۆمپانیاكانی وڵاتی میسر سەردانی وەزارەتی كارەبایان كردبوو، لەو دیدارەدا كونسوڵی میسر خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ ئەو كارو بەرنامەو پرۆژانەی وەزارەتی كارەبا سەرەڕای كۆرۆنا و قەیرانی دارایی ئەنجامی دەدەن و ئامادەیی حكومەتەكەشی دەربڕی بۆ هاندانی كۆمپانیاكانی كارەبا لەوڵاتی میسر بۆ بەشداریكردن لەجێبەجێكردنی پرۆژەكان، وەزیری كارەبا لەلایەن خۆیەوە ئامادەیی وەزارەتی نیشاندا بۆ پێشكەشكردنی هەموو هاوكاری و ئاسانكارییەك لەپێناو پتەوكردنی پەیوەندییەكان، هەروەها ئاماژەی بەچەند پرۆژەیەكی نوێ كرد كە لەم نزیكانەدا وەزارەتی كارەبا رایدەگەیەنن و سەرجەم كۆمپانیاكان ئازادن بۆ بەشداریكردن لە جێبەجێكردنی پرۆژەكان .
لەتەوەرێكی دیدارەكەدا كونسوڵی گشتی وڵاتی میسر لەهەرێمی كوردستان باسی لەپەیوەندییە مێژوویی و كلتووری و رۆشنبیرییەكانی نێوان هەردوو گەلی كورد و گەلی میسر كردوو ئومێدی خواست ئەم پەیوەندییانە قوڵتر بكرێنەوە لەكۆتایی دیدارەكەشدا سوپاسی وەزارەتی كارەبای كرد بۆ ئەو پێشوازیی یە.