وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی پارێزگاری هەولێری كرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەمە ٢٠٢١/٣/١٧ كەمال محمد ساڵح، وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێری كرد. لە دیداری نێوانیاندا كە بریكاری وەزارەت و بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی كارەبای هەولێر ئامادەی بوون، وەزیری كارەبا پاڵپشتی تەواوی بۆ پارێزگاری هەولێر نیشاندا، هاوكات باس لە ژمارەیەك پرۆژەی گرنگی كارەبا كرا، كە لەم ساڵدا لە شاری هەولێر و سنووری پارێزگاكە تەواو دەبێت. لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا قسە لەسەر بەرنامە و پلانی داهاتووی وەزارەتی كارەبا كرا بەتایبەتی تەواوبوونی پرۆژەكانی وێستگەی گۆڕینی كارەبا و راكێشانی تۆڕی كارەبا و خۆئامادەكردن بۆ وەرزی هاوینی ئەمساڵ . پارێزگاری هەولێر لەلایەن خۆیەوە وێڕای ئەوەی سوپاسی وەزیری كارەبا و تیمەكەی كرد كە توانیویانە لەو ماوە كەمەدا ئەو ژمارە زۆرەی پرۆژە و كاروچالاكی ئەنجام بدەن، دڵنیایی بە وەزیری كارەباش دا، كە لە خزمەتی هاوڵاتیانی پارێزگاكە و خەمی سەرەكی پەرەپێدانی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان دەبن بەتایبەتی دابینكردنی وزەی كارەبا.