پرێزینتەیشنێكی تایبەت بە بەشداری كەرتی تایبەت لە بەڕێوەبردنی دابەشكردنی كارەبا بەڕێوەچوو
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠٢١/٣/١٨ بە ئامادەبوونی كەمال محمد ساڵح، وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان پرێزینتەیشنێكی تایبەت بە بەشداری كەرتی تایبەت لەبەڕێوەبردنی دابەشكردنی كارەبا بەڕێوەچوو، كە تێیدا بە وردی باس لە واقیعی كەرتی كارەبا و چۆنییەتی پێشخستنی و بونیادنانی ژێرخانی كارەبا و بەشداریكردنی كەرتی تایبەت لە بەڕێوەبردنی سێكتەری دابەشكردنی كارەبا كرا. وەزیری كارەبا ئامادەیی وەزارەتی دەربڕی بۆ پاڵپشتیكردن و هاوكاریكردنی كەرتی تایبەت لە پێناو باشكردنی سێكتەری دابەشكردن و چارەسەركردنی سەرجەم گرفتەكان، ئەوەشی راگەیاند: بەشداریكردنی كەرتی تایبەت لە بەڕێوەبردنی سێكتەری دابەشكردن بە پاڵپشتی وەزارەتی كارەبا دەبێت و رەچاوی بەرژەوەندی هاوڵاتیان و فەرمانبەران و كۆمپانیاكانیش دەكرێت و بە ستاندەر و پێوەرە جیهانیەكان ئەو پرۆسەیە بەڕێوەدەبرێت و لە ماوەیەكی كەمیشدا ئەنجامەكانی لە زیادیكردنی ماوەكانی پێدانی كارەبا و كەمكردنەوەی بەفیڕۆدانی كارەبا لە ڕووی تەكنیكی و سەرپێچیەكانیشەوە دەبینرێت.