ئەمەریكا خوازیارى هاوکاریى کەرتى کارەباى هەرێمە بە مەبەستى جێبەجێکردنى چەندین پڕۆژەى ستراتیژى
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێكەوتی ٢٧/ئایارى ٢٠٢١ى زایینى، كەمال محەمد ساڵح وەزیری كارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێشوازی لە لیزا بۆدۆنڵی بەرپرسى بەشی ئابووریی كونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریكا لە كوردستان كرد
لە كۆبوونەوەیەكدا كە زاگرۆس فەتاح بریكاری وەزارەتی پلاندانان و رابەر سدیق بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابووری و كامیل قەزاز بریكاری وەزارەتی كارەبا و ئەردەڵان شوكری بەڕێوەبەری گشتی وەزارەت تیایدا ئامادە بوون، لیزا دۆنڵی پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ حكومەت و گەلی كوردستان دووپات كردەوە و ئامادەیی دەربڕی بۆ بەشداریكردن لە ئەنجامدانی ژمارەیەك پڕۆژەی گرنگی كارەبا لەڕێگەى پێدانى قەرز بە هەرێمی كوردستان.
وەزیری كارەبا سوپاسی بەڕێوەبەرى بەشی ئابووریی كونسوڵخانەی ئەمەریكای كرد و ئامادەیی وەزارەتی دەربڕی بۆ پشكەشكردنی هەموو كارئاسانی و هاوكارییەكی كۆمپانیاكانی ئەمەریكا و جێبەجێكردنی چەندین پڕۆژەیەكی ستراتیژیی وەک وێستگەى ٤٠٠ كەی.ڤی و پرۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە ڕێگەی غازی بەفیڕۆچووی ناو كێڵگە نەوتەكان و گرنگی ڕاكێشانی بۆری غاز بۆ وێستگەی ١٠٠٠ مێگاواتی كارەبای كواشی لە پارێزگای دهۆك و چەندین پڕۆژەی دیكە كە بۆ بونیاتنانی ژێرخانی كارەبا گرنگن.
بەڕێوەبەرى بەشى ئابووریی كونسوڵخانەی ئەمەریكاش سوپاسی وەزیری كارەبا و وەزارەتە پەیوەندارەكانی دیكەی پلاندانان و دارایی كرد و ئەم هەماهەنگییەى بە پێویست و گرنگ وەسف کرد و دواتر گفتوگۆیان لەسەر چۆنیەتی پێدانی قەرز و جێبەجێكردنی پڕۆژەكان كرد.