Skip to the content

وه‌زیری كاره‌با پێداگرى له‌سه‌ر جێبەجێكردنی پێوەری زیرەك ده‌كات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشه‌ممه ڕێکەوتى ١٧/٥/٢٠٢١ى زایینى، كەمال محه‌مه‌د ساڵح، وەزیری كارەبای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە نوئێڵ مۆرسیس، ڕاوێژكاری پێشكەوتوو لە پێوەری زیرەك كرد.


لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری كارەبا پێداگرى لەسەر گرنگی جێبەجێكردنی سەرجەم بڕگە و قۆناغەكانی پێوەری زیرەك كردەوە و دەستخۆشی لە تیمی بەستنی پێوەرەکە كرد كە تا ئێستا زیاتر لە ٦٠٠ هەزار پێوەری زیرەكیان لە هەرێمی كوردستان بەستووە و لە مانگی ڕابردووەوە خوێندنەوەی پێوەرەكان دەستی پێ كردووە.
پڕۆژەى پێوەرى زیرەکى کارەبا، پڕۆژەیەکى گرنگى حکومەتى هەرێمى کوردستانە لە خزمەتی باشكردنی ماوەكانی پێدانی كارەبا و باشكردنی ڕەوشی كارەبای نیشتمانییە لە هەرێمی كوردستان، ئێستا پڕۆژەکە گەیشتووەتە نێو قۆناغى هەنگاوەکانى کۆتایی و تا ئێستا ٦٦٣ هەزار و ٦٦٥ پێوەر لە تەواوی هەرێمى کوردستان بەستراوە كە ئەمەش دەكاتە ڕێژە‌ی ٤٢%ی سەرجەم هاوبەشانی كارەبا. لە چەندین ناحیە و قەزاى هەرێم پێوەرى زیرەک بە تەواوى بەستراوە و دەستکراوە بە ئەنجامدانی پرۆسەی (linking) ی پێوەرەکان و ناساندنی بە هاوبەشەکە لە رێگەی ئامێركی تایبەتەوە ، دوای ئەنجامدانی ئەم کارە پێوەرەکە ئامادە دەبێت بۆ کارکردنی لە چوارچێوەی سیستمی تۆڕی زیرەکی کارەبا.
بەمەش بڕێکى زۆرى وزەى کارەبا دەگەڕێتەوە نێو تۆڕە نیشتمانییەکان، جگە لەمەش بەتەواوى کارەبا و تۆڕەکانى کارەبا کۆنترۆڵ دەکرێن و دەپارێزرێن لە هەرجۆرە سەرپێچییەک بۆ سەر تۆڕەکان و پێوەرى زیرەک لە لایەن هاوبەشانەوە، ئەم سیستەمە زۆر پێشکەوتووە و بەهیچ شێوەیەک هەڵە ناکات بۆیە بۆ هەردوولا هەم هاووڵاتى و هەم حکوومەت سوودى هەیە.