وێستگە ١٦٥ مێگاواتییەکەى گەرمیان مانگی ئایندە دهكهوێته كار
بڕیار وایە وێستگە ١٦٥ مێگاواتییەکەى گەرمیان لە مانگى ئایندە بکرێتەوە و بەمەش ڕێژەیەکى گەورەى بێ کارەبایی ئیدارەکە چارەسەر دەبێت، هەر بۆ ئەم مەبەستەش بریکارى وەزارەتى کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان کۆ بووەوە.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یهكشهممه ڕێکەوتى ١٦/٥/٢٠٢١، كامیل قەزاز بریكاری وەزارەتی كارەبای حكومهتی ههرێمی كوردستان و سەرپەرشتیاری لێژنەی دانانی وێستگەی ١٦٥ مێگاواتی گەرمیان، سەردانی ئیدارەی گەرمیانیان كرد و لەگەڵ جەلال شێخ نووری سەرپەرشتیاری ئیدارەکە کۆ بوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر پێداویستییەكانی كەرتی كارەبای گەرمیان و بەگەڕخستنی وێستگەی ١٦٥ مێگاواتی گەرمیان كرد.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان سوپاسی هەوڵەكانی وەزارەتی كارەبای كرد لە بەگەڕخستنی ئەو وێستگەیە كە جگە لەوەی سوودی بۆ كارەبای كوردستان دەبێت، هەلی كاریش بۆ بەشێك لە هاووڵاتیانی سنوورەكە دەڕەخسێنێت. دواتر بریكاری وەزارەتی كارەبا سەردانی وێستگەی ١٦٥ مێگاواتی كارەبای گەرمیانی كرد و سەرجەم بەشەكانی بەسەر كردەوە كە بڕیارە لە كۆتایی مانگی داهاتوو بە تەواوی توانایەوە بكەوێتە كار.