Skip to the content

وێستگەی 132 كەی ڤی باداوەی نوێ لە شاری هەولێر كرایەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-  لە رێوڕەسمەکەدا  وەزیری كارەبا وێڕای سوپاسی هاوڵاتیانی كوردستان بۆ هاوكاریكردنی وەزارەت دەستخۆشی لە پارێزگاری هەولێر و كۆمپانیاكانی زاگرۆس و دڵسۆز  و پاڵۆسی كرد، لە تەوەرێكی قسەكانیدا وەزیری كارەبا باسی لە گرنگی وێستگەی باداوەی نوێی كرد و رایگەیاند  189 مێگاوات كارەبا دابەش دەكات  و بارگرانی سەر ژمارەیەك لە وێستگەكانی دابەشكردنی كارەبا كەم دەكاتەوە، هەروەها  چارەسەری بارزۆری گەڕەكەكانی باداوە و هاوكاری و رۆشنبیری و فەرمانبەران و هاناسیتی و كارێزان دەكات.
وەزیری كارەبا لە درێژەی قسەكانیدا باسی لە گرنگی بڕیاری داشكانی  15%ی قەرزی هاوبەشانی كارەبای كرد و هەروەها جەختی لەسەر ژمارەیەك پڕۆژەو كاری دیكە كردەوە، كە وەزارەتی كارەبا لەپێناو خزمەتكردنی هاوڵاتیان جێبەجێی دەكات.
لە تەوەرێكی رێوڕەسمەکەدا پارێزگاری هەولێر خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ كار و پڕۆژەكانی وەزارەتی كارەبا كە تەنیا لەماوەی تەمەنی ئەم كابینەیەدا لە ناو شاری هەولێر 4 وێستگەی 132 كەی ڤی كارەبا كراونەتەوە و چەندین وێستگەی مۆبایلی دیكەش بۆ ناوچە جیاجیاكانی پارێزگاكە دانراوە، هەروەها باسی لە رۆڵی پێوەری زیرەك كرد بۆ كۆنترۆڵكردن و باشبوونی ماوەكانی پێدانی كارەبا و دەستخۆشی لە وەزیر و وەزارەتی كارەبا كرد بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنان و ئەنجامدانی دەیان پرۆژەی كارەبا كە رۆڵیان لە باشبوونی دۆخی كارەبا هەیە.