Skip to the content

دوو پڕۆژەی گرنگی کارەبا کرانەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەم 16 ی ئەیلوولی 2021، پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر و پڕۆژەیەکی دیکەی دەرهێنانی پێنج فیدەر لە لایەن وەزیری کارەباوە کرانەوە.

گەورەترین پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە قەزای مێرگەسۆر کرایەوە. پڕۆژەکە لە 3840 پانەڵی خۆر پێکهاتووە و  لە لایەن کۆمپانیای کۆڕەک ئێنرجییەوە لە گوندی ڕێزان جێبەجێ کراوە و  مێگاواتێک کارەبا بەرهەم دێنێت.

کەمال محەمەدساڵح وەزیری کارەبا لە کاتی کردنەوەی پڕۆژەکە گوتی: بە پشتیوانیی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی بەم پڕۆژانە دەدەین، کە لە داهاتوودا پلانمان هەیە لە 20% ی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر بێت.

وەزارەتی کارەبا لە پلان و ستراتیژییەکانیدا گرنگییەکی تایبەتی بە بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر داوەو بەتوانای 75مێگاوات کارەباش سێ پڕۆژەی لە قۆناغی جێبەجێکردندان.

وەزیری کارەبا هەر هەمان ڕۆژ بە یاوەریی پارێزگاری هەولێر پڕۆژەی دەرهێنانی پێنج فیدەر بۆ کەمکردنەوەی بارزۆری لە وێستگەی مۆبایلی دارەشەکرانی کردەوە ، کە بە تێچووی 626 ملیۆن دینار لەلایەن کۆمپانیای پاڵۆسەوە جێبەجێ کرا.