ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا بەشداریی لە پڕۆژەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان دەکات
هەولێر، هەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- دو تاینتواج بەرپرسی بەشی سیاسی و ئابووریی کونسوڵخانەی ئەمهریکا لە هەولێر، بە مەبەستی ڕاگەیاندنی هاوکاری و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەکانی کارەبای هەرێم سەردانی وەزارەتی کارەبای کرد.
کەمال محهمهد ساڵح وەزیری کارەبا پڕۆژە و پلانەکانی وەزارەتی بۆ پەرەپێدانی کەرتی کارەبا خستەڕوو و ئاماژەی بە بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی تا ساڵی 2023 کرد کە دەتوانرێت بە بۆڕی بۆ وێستگەی کواشێ بگوازرێتەوە و ڕۆڵی لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا دەبێت.
نوێنەری ئەمهریکا بەڵێنیدا کە گەورە کۆمپانیاکانی ئەمهریکا بە تەکنۆلۆژیا و توانای بەرزەوە دێنە هەرێمی کوردستان و بەشداری لە پڕۆژەکانی کارەبا دەکەن و ئامادەیی وڵاتەکەشی دهربڕی بۆ بەشداریکردن له ڕاکێشانی بۆڕی گازی سروشتی لە کۆمپانیای داناگاز بۆ وێستگەی 1000 مێگاواتی کواشێ و جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی هێڵی400KV و وێستگەی 400KV کارەبا و بەرهەمهێنانی کارەبا لە ڕێگەی سوود وەرگرتن لە گازی بە فیڕۆچووی کێڵگە نەوتییەکان و بەشداریکردن لە هۆشیاریی گرنگیپێدانی نرخی کارەبا لە لایەن هاوبەشانی کارەباوە.
نوێنەری ئەمهریکا خۆشحاڵی خۆیشی بۆ تەواو کردنی هێڵی 400 کەی ڤی نێوان تورکیا – هەرێم – عێراق دەربڕی و سوپاسی وەزارەتی کارەباشی کرد کە کارەبای پێویستی بۆ کەمپی ئاوارە و پەنابەران دابین کردووە.