وێستگەی 132 کەی ڤی نووسەران لە هەولێر كرایهوه
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممه لە مەراسیمێکدا، پڕۆژەی دامەزراندنی وێستگەی 132 کەی ڤی نووسەران لە هەولێر کرایەوە،
کەمال محهمهدساڵح وەزیری کارەبا لە وتەیەکدا باسی لە گرنگی ئەم پڕۆژەیە کرد کە دەبێتە هۆی باشترکردنی دۆخی کارەبا لە سنووری ئەم وێستگەیە.
پڕۆژەکە بارگرانی لەسەر کارەبا لە گەڕەکەکانی بەختیاری، شۆڕش، نووسەران، تەیراوە و بەشێک لە بەستە پیازە چارەسەر دەکات.
وەزیری کارەبا لەمەراسیمەکەدا گوتی: لە کابینەی نۆیەمدا، 32 پڕۆژە لە بواری گواستنەوە و 500 پڕۆژەی دیکە لە بواری دابەشکردن جێبەجێ کراون و 615 مێگاوات کارەبامان زیاد کردووە و 20 هەزار سەرپێچی لەسەر تۆڕەکانی کارەباش لابراون.
سەبارەت بە پێوەری زیرەکیش ئاماژەی بەوەدا کە تا ئێستا 930 هەزار پێوەری زیرەک بەستراون و 253 ملیۆن دۆلار بۆ ئەم پڕۆژەیە تەرخان کراوە و لەساڵی 2021 بەراورد لەگەڵ ساڵی 2019 بە ڕێژەی سێ کاتژمێر کارەبا زیاد بووە.
هەر لە مەراسیمەکەدا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر وتەیەکی دەربارەی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت لە کەرتی کارەبا پێشکەش کرد و سوپاسی وەزارەتی کارەباشی کرد بە بۆنەی ئەم پڕۆژە و خزمەتگوزارییانە و هەوڵەکانی وەزارەتیشی بۆ نەهێشتنی سەرپێچیەکان بەرز نرخاند.
جێی ئاماژهیه وتەبێژی حکومەت، جووتیار عادل و ژمارەیەک لە بەرپرسانی کەرتی کارەبا بەشداری مەراسیمەکە بوون