Skip to the content

138 بیری ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر و دەوروبەری لێ دەدرێن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی پێنجشەممە 14/4/2022 بە ئامادەبوونی کەمال محمد ساڵح، وەزیری کارەبا و ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران، كۆبوونەوەیەكی باڵا بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی و چارەسەركردنی گرفتەكان لە شاری هەولێر لە وەرزی هاویندا بەڕێوەچوو، تێیدا ژمارەیەك بڕیاری گرنگ دران.
ئەم كۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بودجەی بەگەڕخستنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ساڵی 2022 بڕیاری دا بە خەرجكردنی (7,654,590,686) حەوت ملیار و شەشسەد و پەنجا و چوار ملیۆن و پێنجسەد و نەوەد هەزار و شەشسەد و هەشتاو و شەش دینار بۆ لێدان و هەڵكەندنی ژمارەیەك بیری ئاوی خواردنەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی لە شاری هەولێر.
لە كۆبوونەوە هاوبەشەكەدا بڕیاردرا بە دروستكردنی ژوورێكی ئۆپەراسیۆن كە بە هاوبەشی لەنێوان وەزارەتی شارەوانی و گوشتوگوزار و وەزارەتی كارەبا و پارێزگەی هەولێر پێكدەهێندرێت و دەسەڵاتی تەواوی دەبێت بۆ بەدواداچوونی كێشەكان و بڕیاردانی بەپەلە بۆ چارەسەركردنی هەر گرفتێكی كەمئاوی، هەروەها ژمارەیەك بڕیاری دیكەش دران.
بڕیارەكان:
-بڕیاردرا 138 بیری ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر و دەوروبەری لێ بدرێن.
-دابینكردنی كارەبا بۆ ئەو بیرە نوێیانەی لێ دەدرێن.
- دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری بۆ بیرەكان.
- بودجەیەك بۆ حاڵەتی فریاكەوتن تەرخان دەكرێت.
- هەڵمەتی نەهێشتنی زێدەڕۆیی لەسەر تۆڕەكانی ئاو و كارەبا بەڕێوەدەچێت.
-لەگەڵ گرتنەبەری چەند ڕێكارێكی دیكە لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی.
-وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتی كارەبا و پارێزگەی هەولێر بە یەك تیم لە ڕێگەی ئەو ژوورە هاوبەشەوە چاودێریی گرفتی كەمئاوی لە شاری هەولێر دەكەن و چارەسەری بەپەلەی بۆ دەدۆزنەوە.