وێستگەیەکی گەورەی گواستنەوەی کارەبا لە کەلار دادەمەزرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-ڕۆژی پێنچ شەممە ۱۱ ی ئابی ۲۰۲۲, کەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا پێشوازی کرد لە کۆمپانیای جنە فیردۆس کە کاردەکەن لە سێکتەری کارەبا لە دەڤەری گەرمیان.
وەزیری کارەبا باسی لە پڕۆژەکانی وەزارەت کرد کە چۆن مامەڵە دەکەن لەگەڵ باشتر کردنی کارەبا و گەیاندنی بۆ تەواوی هەرێم وە لە دیدارێکدا گرێبەستێکی بە بەهای زیاتر لە ١٨ ملیار دینار بۆ دامەزراندنی وێستگەیەکی گەورەی گواستنەوەی كارەبا لە كەلار لەگەڵ کۆمپانیای جنە فیردۆس واژوو كرد.
وێستگەکە، کێشەی گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبا و گرفتی ئۆڤەرلۆد لە تەواویی ناوچەی كەلار چارەسەر دەکات و سەبارەت بەم پڕۆژەیە وەزیری کارەبا ئاماژەی بە گرنگیی جێبەجێکردنی پرۆژەکە کرد و ڕایگەیاند، ئێمە هەموومان قەرزاری گەرمیانین و بەخۆشحاڵییەوە لەم کابینەیەدا بەسەرکەوتوویی چەندین پڕۆژەمان جێبەجێ کردووە، گرنگترینیان وێستگەی بەرهەمهێنانی ١٦٥ مێگاوات کارەبا لە کەلار بوو.