مەسرور بارزانی: دەبێت ڕێگری لە بە هەدەردان و زێدەڕۆیی کارەبا بکرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢١ی ئابی ٢٠٢٢، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی وەزارەتی کارەبای کرد.
سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتی کارەبا لە چوارچێوەی ئەو سەردانانەدایە کە بۆ وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت ئەنجامیان دەدات.
لە میانی سەردانەکەیدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی کارەبای کرد کە تیایدا وەزیر و بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان ئامادەبوون.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری کارەبا، کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکی و پلانەکانی وەزارەت و کارکردنیان لە چوارچێوەی کارنامە کابینەی نۆیەم پێشکەش کرد و سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە پاڵپشتێکی بەهێزی وەزارەتی کارەبایە بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتی باشتر پێشکەش بە هاووڵاتییان بکەن و تیایدا هەنگاوەكانی چاكسازیی و باشكردنی ژێرخانی كارەبا و نەهێشتنی سەرپێچی و باشتركردنی داهات و پێوەری زیرەكی خستەڕوو.
دواتر سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستخۆشی لە کارمەندانی وەزارەتی کارەبا کرد کە توانیویانە بەهۆی ئەنجامدانی هەندێک چاکسازییەوە، لە ڕووی بەهەرمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا، پێشکەوتنی باش بە دەست بهێنن و رایگەیاند، هێشتا کەرتی کارەبا، پێویستی بە گەشەپێدانی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باشتر، خزمەتی هاووڵاتییان بکات ، لەم ڕووەوە سەرۆکی حکومەت، وەزارەتی کارەبای ڕاسپارد، هەموو هەوڵێکی خۆیان بخەنەگەڕ و پلان و ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانرێت کارەبای بەردەوام بە هاووڵاتییان بدرێت ، بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە هاووڵاتییانیش، هاوکار و یارمەتیدەری حکومەت بن.
سەرۆکی حکومەت ڕوونیکردەوە، کە بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبا و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە هاووڵاتییان ، دەبێت ڕێگری لە هەموو بەهەدەردانێکی کارەبا و زێدەڕۆیی بۆ سەر کەرتی کارەبا بکرێت و پێویستە هاووڵاتییان هاوکاری خۆیان و حکومەت بن، لە ڕێگەی كەمكردنەوەی زیادبەكارهێنانی كارەبا و دانی رسوماتی کارەبا بەشێوەیەکی ڕێک و بەردەوام، بۆ ئەوەی حکومەتیش بتوانێت بەشێکی خەرجییە زۆرەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دابین بکات و کارەبا بە باشی بە هاووڵاتییان بدات.
سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە کابینەی نۆیەم بە هیچ شێوەیەک هیچ باج و رسوماتێکی لە سەر هاووڵاتییان زیاد نەکردووە، بەڵکو تەنیا ئەو باج و رسوماتەی کە هەیە ڕێکیخستووەتەوە و راشیگەیاند ئەرکی سەرەکی ئەم کابینەیە ، خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە بە بێ جیاوازی.
سەرۆكی حكومەت خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە وەزارەتی كارەبا، ڕووی لە بنیاتنانی چەند پڕۆژەیەكی كارەبا کردووە بە وزەی خۆر، داواشی كرد زیاتر گرنگی بە بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی جێگرەوە و پاك و ژینگەدۆست بدرێت.