وەزارەتی کارەبا ڕۆڵی خۆی بۆ پەرەپێدانی کارگەکانی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی دەگێڕێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ڕۆژی دووشهممه ٢٢ی ئابی ٢٠٢٢، ئهندازیار کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبا بە ئامادە بوونی بەرپرسانی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و بازرگانی و پیشەسازی پێشوازیی لە کوێستان محمد وەزیر کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کرد.
ئەم سێ بابەتە گرنگەی خوارەوە تەوەری سەرەکی گفتوگۆکە بوو:
- گرەنتی کردنی کرێکارانی ناوخۆیی و بیانیی کۆمپانیاکان
- پاڵپشتی کردنی کرێی کارەبای کەرتی پیشەسازی، بەتایبەتی کارگە بچووک و مام ناوەندییەکان
- ڕاکێشانی کارەبا بۆ ناوچە پیشەسازییەکان.
لە دیدارەکەدا وەزیری کارەبا ئامادەیی وەزارەتی بۆ پاڵپشتی کردنی بەرهەمی خۆماڵی پیشاندا، بە مەرجێک کە کاریگەری بەسەر دابەزاندنی نرخ بێت و هاوڵاتییان و خاوەن کارگەکانیش سوودمەند بن، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان هەردوو وەزارەتی كارەبا و بازرگانی و پیشەسازی، بە تایبەتی بۆ پاڵپشتی کردنی کارگە بچووک و مام ناوەندییەکان پێک دەهێنرێت.
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بە وەکالەت ڕایگەیاند، ڕەچاوی دۆخی کارەبا دەکەین، بەڵام پاڵپشتی لە بەرهەمی خۆماڵی و کارگەکانی بەرهەمهێنان گرنگە کە ڕۆڵیان بۆ بووژانەوەی ئابووری و رەخساندنی دەرفەتی کار و هەمەجۆر کردنی سەرچاوەکانی داهات و دابینکردنی بژیوی ژیان هەیە.