Skip to the content

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گەیاندنی کارەبا بۆ گوندەکان بەردەوامە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گەیاندنی کارەبا بۆ گوندە دوورەدەستەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و لە پلانیدایە کارەبا بگەیەنێتە تەواوی گوندەکانی کوردستان. لەو چوارچێوەیەدا به‌ڕێوبه‌رایه‌تیی گشتیی كاره‌بای ئیدارەی سەربەخۆی گه‌رمیان، له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ٨%ی داهاتی كاره‌با، به‌بڕی ١٧٠ ملیۆن دینار، كاره‌بای نیشتیمانی بۆ گوندی سەیبێ خان-ی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دابین کرد.

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە "هەموو هەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانێ لە ڕێگای پڕۆژەکانییەوە، زۆرترین کارەبا بگەیەنێتە تەواوی گوندەکانی هەرێمی کوردستان کە پێگەی شۆڕشەکانی کورد بوونە و قوربانیی زۆریان لەپێناو سەرکەوتنی پێشمەرگە و خەباتی گەلی کوردستان داوە. بەتایبەت سنووی گەرمیان کە زۆربەی کەس و کارەکانیان بەر شاڵاوی ئەنفالی ڕژێمی بەعس کەوتن.

شیاوی باسە دوای تێکدانی گوندەکانی هەرێمی کوردستان و شاڵاوی ڕاگواستن و پاشانیش ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، هەندێک لەو ناوچانە خزمەتگوزاریی کارەبای نیستمانییان پێنەگەیشتووەتەوە و حکوومەتیش دەیەوێت ئەو کێشەیە بنبڕ بکات.