Skip to the content

سێ پڕۆژەی کارەبا لە سۆران کرانەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-سێ پڕۆژەی گرنگی کارەبا لە سۆران کرانەوە و وێستگەیەکی 100 مێگاواتی کارەبا لەم دەڤەرە دادەمەزرێت و کێشەی کارەبای ئاوی زارگەلی و تۆڕی کارەبای سەنتەری قەزای ڕەواندوزیش چارەسەر دەکرێن.
 
ڕۆژی دووشەممە، 10ی کانوونی دووەمی 2022، لە مەراسیمێکدا بە چاودێریی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبا و بەرپرسانی پەیوەندیداری کارەبای ناوچەکە و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، سێ پڕۆژەی ستراتیژیی کارەبا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرانەوە.
وەزیری کارەبا لە مەراسیمەکەدا، هەرسێ پڕۆژەی (گۆڕینی تێلی هێڵی پاڵەپەستۆی بەرزی نێوان وێستگەی شەقڵاوە – خەلیفان بەدرێژایی 37 كیلۆمەتر)، (ڕاكێشانی هێڵێكی نوێی 132 kv لە خەلیفان – وێستگەی سۆران  بە درێژایی 16 كیلۆمەتر) و( فراوانكردنی وێستگەی سۆران بۆ دوو هێڵ) کردەوە. 
هەر سێ پڕۆژەکە بە گوژمەی 7 ملیۆن دۆلار جێبەجێ کراون و بە وهۆیەوە دۆخی کارەبا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران باشتر دەبێت.
وەزیری کارەبا لە پەراوێزی کردنەوەی هەر سێ پڕۆژەکە، سەردانی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ناوچەکەی کرد و لەگەڵ قائیمقامەکانی ئیدارەی سۆران کۆبووەوە.
وەزیری کارەبا لە کۆبوونەوەکەدا، باسی لە دانانی وێستگەیەکی 100 مێگاواتی کارەبا لە سۆران کرد و هاووڵاتیانی ناوچەکەی دڵنیا کردەوە کە بە تەواوبوونی پڕۆژەکانی کارەبا،دۆخی کارەبای ناوچەکە باشتر دەبێت.
گوتیشی کێشەی کارەبای ئاوی زارگەلی و تۆڕی کارەبای سەنتەری قەزای ڕەواندوز چارەسەر دەکرێن.