پڕۆژەیەکی گرنگی کارەبا لە دهۆک کرایەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لەژێر چاودێری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی، پڕۆژەی دانان و بەستنی هێڵی 33 كەی ڤی كارەبای ( كەلەكچی – قەسرۆك ، دارەتوو- بەردەڕەش، فایدە – شاریە) کرایەوە، كە بەتێچوونی 8 ملیار و 814 ملیۆن دینار لەلایەن كۆمپانیای شاراوە جێبەجێكراوە.
کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا و عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بەشداری رێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەکە بوون.
لە وتەیەکدا، وەزیری کارەبا باسی لە گرنگیی پڕۆژەکە بۆ ناوچەکە کرد و رایگەیاند پڕۆژەكە سوودێكی زۆری بۆ هاووڵاتیانی سنووری كەلەكچی- قەسرۆك و دارەتوو – بەردەڕەش و فایدە و شاریە دەبێت.
لە وتەیەکدا، وەزیری کارەبا باسی لە گرنگیی پڕۆژەکە بۆ ناوچەکە کرد و رایگەیاند پڕۆژەكە سوودێكی زۆری بۆ هاووڵاتیانی سنووری كەلەكچی- قەسرۆك و دارەتوو – بەردەڕەش و فایدە و شاریە دەبێت.
ئاشکراشی کرد کە پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنانی 100 مێگاوات کارەبا لە زاخۆ جێبەجێ دەکرێت و پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هایدرۆ پاوەری دێرەلوکیش ئەمساڵ دەکرێتەوە.
وەزیری کارەبا لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە و رایگەیاند: پڕۆژەکە بەشێكی زۆری بارزۆریی سەر وێستگەكان و گرفتی ڤۆڵتییە و پچڕانی كارەبا و نەبوونی كارەبای پێویست بۆ تەواویی دەڤەرەكە چارەسەر دەكات.
سەبارەت بە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەباش ئاماژەی بەوەدا کە بە ڕاکێشانی بۆڕی گازی سروشتی بۆ وێستگەی کواشی، بەشی هەرە زۆری کێشەی کارەبا چارەسەر دەبێت.
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك سوپاسی وەزارەتی كارەبای كرد و رایگەیاند بە بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا، خواست لەسەر کارەبا و بەکارهێنانی بەتایبەتی لە هەردوو وەرزی زستان و هاوین زیاد دەبێت، هەربۆیە ماوەی پێدانی کارەبا کەم دەبێتەوە. بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە تیشکی خستە سەر گرنگی کۆنتڕۆڵ و ڕێکخستنی کارەبا و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری هاووڵاتیان لەبارەی چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەکارهێنانی کارەبا دا.