وەزارەتی کارەبای عێراق سوپاسی هاوکارییەکانی وەزارەتی کارەبای هەرێم دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ۲٦ی تەمموزی۲۰۲۲، کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبای هەرێم پێشوازی لە عادل کەریم وەزیری کارەبای عێراق و وەفدێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا هەردوولا باسیان لە ڕێکخستن و پێکەوەبەستنی تۆڕی کارەبای عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
هەروەها لە بارەی دابینکردنی پارە بۆ جێبەجێکردنی هەندێ پڕۆژەی گرنگیی کارەبا لە بواری بەرهەمهێنان و گواستنەوە گفتوگۆیان کرد.
دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "ئاستی بەرهەمهێنان و پێدانی کارەبا بەراورد بە چەند ساڵی ڕابردوو زیادیکردووە و هەوڵدەدەین لەگەڵ تەواوبوونی بەستنی پێوەری زیرەک کێشەی کارەبا چارەسەر بێت."
عادل کەریم وەزیری کارەبای عێراق، گوتی "ئێمە سوپاسی وەزارەتی کارەبای هەرێم دەکەین کە هاوکارێکی باشمانە بۆ چارەسەرکردن و دابینکردنی کارەبا بە تایبەتی ناوچەکانی ماددەی۱٤۰."
لە کۆتاییدا هەردوولا ڕێککەوتن ئەو دیدار و کۆبوونەوانە بۆ باشترکردنی سێکتەری کارەبای نیشتمانی لە حکوومەتی هەرێم و ناوەنددا بەردەوام بن.